Accessibility links

بە تاوانەکانی گەندەڵی، سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور دادگایی دەکرێت


جەیکۆب زوما
جەیکۆب زوما

دادگایی کردنی جەیکۆب زوما، سەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی ئافریکای باشور، سبەی دووشەممە دەستپێدەکاتەوە پاش ئەو توندوتیژییە خوێناویانەی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕوویانداوە دوای زیندانیکردنی جەیکۆب زوما لەسەر دۆسێیەکی تر.

سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور، ڕووبەڕووی 16 گوناهبارکردنی فێڵ و تەڵەکە کردن و بەدەستهێنانی پارەی نایاسایی کە پەیوەندییان هەیە بە دۆسێی کڕینی فڕۆکەی جەنگی و کەشتی چاودێری و ئامێر و کەرەستەی تری لەشکری لە 5 کۆمپانیای ئەوروپایی. لەو کاتەدا جەیکۆب زوما، پۆستی جێگری سەرۆکی ئافریکای باشوری هەبووە.

یەکێک لەو گوناهبارکردنانە بریتییە لە وەرگرتنی 227 هەزار دۆلار لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی فەرەنسا کە کارداری لە بواری لەشکریدا دەکات و ئەم کۆمپانیایەش گوناهبارە بە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە.

دادگاییکردنی زوما لە مانگی 5ی ڕابردووەوە دەستیپێکردوە پاش ئەوەی چەند جارێک دوادەخرا هاوکاتی کاری ڕژدی تیمی یاسایی سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور تا ئەو گوناهبارکردنانەی لەسەر لابەرن.

لە یەکەم دانیشتنی دادگادا جەیکۆب زوما خۆی ئامادەبوو و خۆیی بە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی 29ی مانگی 6 ڕەوشەکە بەرەو خراپی چوو کاتێک بەرپەرچی دادگای باڵای ئافریکای باشوری دایەوە و یەک هەفتە دواترلەسەر ئەو بێڕێزیکردنە بە داگا، زیندان کرا.

زیندانیکردنی سەرۆکی ئافریکای باشور، بووە هۆکاری خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە هەرێمی کوازوناتال، زێدی زوما. ئەو ناڕەزاییەتیە لە یەک هەفتەدا بووە هۆکاری تاڵانکردن و ئاگرتێبەردانی بە مەبەست و پەرەی سەند بۆ شاری جۆهانسبۆرگ، پایتەختی ئابوری وڵاتەکە و لەو ڕووداوانەدا زیاتر لە 200 کەس کوژراون.

سیریل ڕامافۆسا، سەرۆکی ئافریکای باشور کە هاوکاتی وەرگرتنی پۆستەکەی، پەیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داوە، دەڵێت "هێرشێکی بەبەرنامە دەکرێتە سەر دیموکراسی لە ئافریکای باشوردا."

چاودێر بە دوری نازانن، دادگاییکردنەکەی سبەی دووشەممە جارێکی تر ببێتەوە بە هۆکاری ئاژاوەگێڕان لە ئافریکای باشوردا.

XS
SM
MD
LG