Accessibility links

ڕابەری باڵای تاڵیبان داوای چارەسەری ئاشتی دەکات و باس لە ئاگربەست ناکات


ڕابەری باڵای تاڵیبان دەڵێت بە شێوەیەکی بەرچاو چارەسەرییەکی سیاسیانە بە باش دەزانێت بۆ قەیرانی ئەفغانستان.

ئەم لێدوانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی هیبەتوڵا ئاخوندزادە، هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی تاڵیبان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، هەروەهاش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی وتووێژەکانی نێوان نوێنەرانی تاڵیبان و نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستانیش لە دۆحە پایتەختی قەتەر.

هیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕابەری باڵای تاڵیبان لە ڕاگەیاندنەکەیدا، کە بەر لە هاتنی جەژنی قوربانی موسڵمانەکانە دەڵێت "وێڕای بەرەوپێشچوون و دەستکەوتە لەشکرییەکان، ئیمارەتی ئیسلامی زۆر بە باشی دەزانێت چارەسەرییەکی سیاسی لە ئەفغانستاندا بێتە ئاراوە."
هیبەتوڵا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "ئیمارەتی ئیسلامی هەموو دەرفەتەکان دەقۆزێتەوە بۆ هەبوونی سیستەمێکی ئیسلامی و ئاشتی و ئاسایش."

چەندان مانگە هەردوو لایەن لە پایتەختی قەتەر کۆدەبنەوە بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ، تا ئێستا بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆ نەهاتۆتە ئاراوە و ئەگەر هەشبێت ئەوا زۆر بچوکە و لە ئێستاشدا کە میلیشیاکانی تاڵیبان دەستکەوتێکی زۆریان هەبووە لە ژمارەیەکی بەرچاوی بەرەکانی شەڕدا لەناو ئەفغانستاندا، پێدەچێت مانایەکی ئەوتۆ بۆ وتووێژ نەمابێتەوە.

ڕابەری باڵای تاڵیبان دەڵێت لایەنەکەی لایەنەکەی وابەستەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەڵام هێرشیش دەکاتە سەر لایەنەکانی ئۆپزسیۆن و دەڵێت "کات بە فیڕۆ دەدەن"
هیبەتوڵا ئاخوندزادە دەڵێت "هێشتاش پەیامی ئێمە ئەوەیە، لە بری ئەوەی پشت بە بیانییەکان ببەسترێت، با خۆمان کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین و وڵاتەکەمان ڕزگار بکەین لە کێشەکان."

تاڵیبان سودیان لە بڕیاری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هێزە بیانییەکانی تر وەرگرتووە و دەستیانکردووە بە ژمارەیەکی زۆری هێرشەکانیان بۆ دەستبەسەردا گرتنی ئەفغانستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ڕابەری باڵای تاڵیبانەکاندا هیچ ئاماژەیەک بە "ئاگربەست" نەکراوە، کە وەک بارێکی باو لە پێش جەژنەکانی موسڵماناندا ئەو داوایە بۆ ئاگربەستی فەرمی دەکرێت، هەر هیچ نەبێت بۆ ڕۆژانی جەژن.

XS
SM
MD
LG