Accessibility links

پاش ئاگاهیدانەکەی ئەمەریکا، ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەوان لە میسر ئازاد دەکرێن


ئیسراء عەبدولفەتاح، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی میسری کە یەکێکە لە سیمبۆلەکانی ڕاپەڕینەکەی ساڵی 2011ی وڵاتەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.

خالید عەلی، پارێزەرەکەی ئیسراء دەڵێت "بەهۆی ئەوەی ئیسراء نزیکەی 22 مانگە دەستگیرکراوە بەر لە دادگاییکردنی، ئەمڕۆ یەکشەممە ئازاد کراوە.

لە ساڵی 2008دا، ئیسراء عەبدولفەتاح، پەیجێکی تایبەتی کردەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک "6ی4" بۆ پشتیوانی لە کرێکارانی مانگرتوو و هەروەهاش کاتێک خۆپیشاندانەکانی وڵاتی میسر دەستیان پێکرد بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکەی حوسنی موبارەک، لەڕێی پەیجەکەیەوە داوای چاکسازی سیاسی دەکرد لە وڵاتەکەیدا.
ئیسراء، تەمەن 43 ساڵ لە مانگی 10ی ساڵی 2019دا دەستگیرکرا بە تاوانەکانی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان."

دەستگیرکردنی ئەم خانمە ڕۆژنامەوان و چالاکوانە بووە مایەی ناڕەزاییەکی زۆری نێونەتەوەیی و ئەمەریکاش بە "شەرمەزاری" ناودێری کرد.

ئیسراء عەبدولفەتاح لە سەروەختی ڕژێمەکەی حوسنی موبارەکیشدا لە زیندان نراوە، ئەمڕۆ یەکشەممە پاش بڕیارە سەرسوڕهێنەرەکەی دادپارێزانی میسر، گرتوخانەی بەجێهێشت.

ئەم چالاکوانە ناودارەی وڵاتی میسر، دژی ئیخوانولموسلمین بوو کاتێک لە ساڵی 2012دا دەسەڵاتیان گرتەدەست و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013ی میسر دەکرد کە بوونە مایەی لادانی موحەمەد مورسی، سەرۆکی ئیسلامیی ئەوکاتەی میسر.

درەنگانێکی ڕۆژی شەممەش، دادپارێزانی میسر بڕیاری ئازادکردنی چالاکوان "عەبدولناسر ئیسماعیل" دەدەن. عەبدولناسر سەرۆکی پارتی هاوپەیمانێتی جەماوەریی لە ساڵی 2019دا بە تاوانی "ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تێرۆریستیدا" دەستگیرکرابوو.

ئەمەریکا لەم هەفتەیەی ڕابردوودا ئاگاهیداوە بە وڵاتی میسر تا چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان نەکاتە ئامانج و دەڵێت "ئەم دۆسێیە دەبێتە فاکتەرێک لە فرۆشتنی چەک بە وڵاتی میسری هاوپەیمانیدا."

لەوەتای ساڵی 2014وە کە عەبدولفەتاح ئەلسیسی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، شەپۆلێکی سەرکوتکردن دژ بە جودابیران لە وڵاتی میسر دەستیپێکردوە.

XS
SM
MD
LG