Accessibility links

سەفین مەلا قەرە: گۆڕینی سەرۆکی هاوپەیمانێتی نێوانمان لەگەڵ یەکێتی، پەیوەندی بە خودی یەکێتیەوە هەیە


ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، بزووتنەوەکەی لەهەوڵی ئاشتکردنەوەی سەرکردە و هەڵسوراوە زویرەکاندایە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی نەهاتووە، بێ ئاگایی خۆشی دەردەبڕێت لە لابردنی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە سەرۆکایەتی کردنی هاوپەیمانێتیەکەیان.

لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "هەرچەندە بەهۆی کشانەوەی ڕەوتی سەدرەوە، قسە لەسەر ئەنجامدان یاخود ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن دروستبووە، بەڵام ئێمە ئامادەکاری تەواومان بۆ هەڵبژاردن کردووە."

ئەم ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، جەختیش دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "پێشبینیکردن بۆ ژمارەی کورسیەکانی حیزبەکەی وەکو فاڵ گرتنەوە وایە، چونکە لە عێراق و هەرێم گۆڕانکاری دروستبووە، بەڵام گەشبینن هەڵبژاردنێکی پاک و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت."

ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکراشیکرد، هەوڵیانداوە و بەردەوامیش دەبن لەهەوڵەکانیان بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردە و هەڵسوڕاوە زویرەکان، دەڵێت "هەندێکیان قەناعەتیان کردووە، بەڵام هەندێکی تریان قەناعەت ناکەن، ئێمە بەردەوام دەبین لەهەوڵی خۆمان."

دەربارەی گۆڕانکاریەکانی نێو یەکێتی و هەبوونی کاریگەری لەسەر هاوپەیمانێتی نێوانیان، کە بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکیانهێناوە، سەفین مەلا قەرە دەڵێت "نەخێر گۆڕانکارییەکان کاریگەریان لەسەر هاوپەیمانێتیەکە نەبووە، چونکە ئێمە لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانێتیمان کردووە و ئەوانیش هەڵوێستی جیاوازیان دەرنەبڕیووە بەرامبەر هاوپەیمانێتیەکە، ئێمەش بەقەناعەتەوە هاوپەیمانێتیمان کردووە، هەڵبژاردنەکەش بۆ عێراقە، گرنگ ئەوەیە هەر کەس دەچێتە بەغدا، پێداگیری لەسەر مەسەلە نەتەوەییەکان بکات."

دەربارەی دەنگۆی کشانەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەسەرۆکایەتی کردنی هاوپەیمانێتیەکەی یەکێتی و گۆڕان، ئەم بەرپرسە باڵایەی گۆڕان دەڵێت "نەمبیستووە لاهور شێخ جەنگی کشابێتەوە، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر یەکێتی و خۆیان کردویانەتە سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە، ڕێککەوتنی ئێمە وابوو، سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە بۆ یەکێتی بێت، تا ئێستاش ئاگادار نین، گۆڕیبێتیان."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، دەربارەی ئەوەی ئایا دوای گۆڕانکاریەکانی نێو یەکێتی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی گەر گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات، دەڵێت"ئەمە دەمێنێتەوە سەر یەکێتی، ئێمە مافمان نیە دەستوەردان لە ئێشی ئەوان بکەین، ئینجا هەرلایەنە و لەنێو هاوپەیمانێتیەکە، ئیش و کار بۆ کادیرەکانی خۆمان دەکەین."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:49 0:00
XS
SM
MD
LG