کارمەندانی فریاگوزاری ڕۆژی شەممە بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی لەو بەشانەی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا کە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆری لێکەوتووە لە کاتێکدا ئاستی ئاو لە زۆربەی ناوچەکان هێشتا زۆر بەرزەو و خانوەکان بەدەوام دەڕووخێن. ئەم لافاوەی ئەڵمانیا بە خراپترین کارەساتی سروشتی ئەو وڵاتە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوو دادەنرێت.
بەپێی ئامارەکانی ڕۆژی شەممەی پۆلیس هەتا ئێستا بەلانیکەم 133 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە لەوانەدا 90یان لە ناوچەی ئەهروەیلەر لە باشووری شاری کۆڵن. سەدان کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن.
کاربەدەستان دەڵێن نزیکەی 700 کەس لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ناوچەکەیان چۆڵ کردووە پاش ئەوەی بەنداوێک لە شارۆچکەی واسینبەرگی نزیک کۆڵن تەقی.
ئەم لافاوە کاریکردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی بەلجیکا و هۆڵەنداش. بەلایەنی کەم 20 کەس بەهۆیەوە لە بەلجیکا گیانیان لەدەستداوە.