Accessibility links

مۆسکۆ لەسەر کوبا ئاگاهیدەدات


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا

ڕوسیا ئاگاهی دەدات سەبارەت بە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کوبادا پاش ئەوەی هەزاران کەس خۆپیشاندانیان کردووە کە بە کارێکی دەگمەن ناودێر دەکرێت دژ بە حکومەتە کۆمۆنیستییەکەی ئەو دوڕگەیە.

ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئێمە وەهای دادەنێین، دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی کوبادا کە وڵاتێکی سەربەخۆیە جێی قایل بوون نییە و هەروەهاش هەموو کارێکی تێکدەرانە کە دەبێتە مایەی ناسەقامگیری ڕەوشی کوبا."

زاخارۆفا لەو ڕاگەیەندراوەیدا ئاماژەی بەوە نەکردووە ئایا مەبەستی لە کێیە هەوڵی دەستێوەردان دەدات لە کوبادا، بەڵام ئاگاهیدانەکەی پێدەچێت ئاڕاستەی ئەمەریکای کردبێت، چونکە واشنتۆن داوای لە کوبا کردووە تا خۆپیشاندەران بە ئامانج نەگرێت لەکاتێکدا هەزاران کوبایی ئەمەریکایی لەناو ئەمەریکادا وەک پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەیان ڕژابوونە سەر شەقامەکان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت "بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکان دەکەین لەناو کوبا و لە دەوروبەری کوباشدا."

کوبا هاوپەیمانێکی گرنگی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بووە لە سەروەختی شەڕی سارددا و مۆسکۆ بەردەوام پەیوەندییەکی باشی دیپلۆماسی هەبووە لەگەڵ هاڤانادا لەوەتای ساڵی 1991ەوە کە یەکێتی سۆڤیەت لەبەریەک هەڵوەشایەوە.

XS
SM
MD
LG