Accessibility links

خۆپیشاندەرانی کوبایی ئازادییان دەوێت


هەزاران هاوڵاتی کوبایی بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دەربڕیندا کردووە دژ بە حکومەتی کۆمۆنیستی وڵاتەکەیان.

خۆپیشاندەران، دروشمی "بڕوخێ دیکتاتۆریەت"یان دەوتەوە، هاوکاتی داوای سەرۆکی کوبا لە لایەنگرەکانی تا بەرەنگاری خۆپیشاندەران ببنەوە.

خۆپیشاندان لە هاڤانا
خۆپیشاندان لە هاڤانا

خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوو لە کوبا، بە شێوەیەکی خۆڕسکانە دروستبوون لە ژمارەیەک شاری وڵاتەکەدا.
لە ئێستادا کوبا لە خراپترین قەیرانی ئابوری خۆیدایەتی لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی ڕابردوودا،بێ لەوەی کەمییەکی زۆری خواردن و هەروەها وزەی ئەلیکتریکیش هەیە.

سەدان خۆپیشاندەر لە هاڤانا، پایتەختی کوبا دروشمی "ئازادیمان دەوێت"یان دەگوتەوە لە کاتێکدا هێزی زۆری لەشکر و پۆلیس بڵاوکرابوونەوە پاش ئەوەی خۆپیشاندەران لە دەرەوەی باڵەخانەی سەرۆکایەتی کوبادا گردبووبوونەوە.

پۆلیس گازی فرمێسک ڕێژی بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندران و بەلانیکەم 9 خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون هاوکاتی بەکارهێنانی بۆری یان لولەی پلاستیک بۆ لێدانی خۆپیشاندەران.

مێگێز دیاز کاناڵ، سەرۆکی کوبا، وتارێکی توندی داوە لە تەلەفزیۆنی وڵاتەکەوە و دەڵێت "شۆڕشگێران؛ فرمان دراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکان."
هەر لەو وتارەیدا، سەرۆکی کوبا ئاماژەشی بەوە کردووە "داوا لە هەموو شۆڕشگێڕانی وڵاتەکە و لە هەموو کۆمۆنیستەکانیش دەکەم بچنە سەر ئەو شەقامانەی ئەم کارە وروژێنەرانەیان تیادا دەکرێت و بەرەنگاریان ببنەوە بە ڕێگەی یەکلاکەرەوەی توند و ئازایانە."

لە کوبا گردبوونەوەی مۆڵەت پێدراو، وەک بارێکی ئاسایی، تەنها بۆ بۆنەکانی پارتی کۆمۆنیستی فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ڕۆژنامەوانی "ئینڤێنتاریۆ" ڕۆژی یەکشەممە 40 خۆپیشاندان ڕوویانداوە.

"ئازادی بۆ کوبا" دروشمی خۆپیشاندەران
"ئازادی بۆ کوبا" دروشمی خۆپیشاندەران

لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا، دیمەنی شوێنەکانی خۆپیشاندانی دژە حکومەت بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئینتەرنێتی مۆبایل کە لە ساڵی 2018وە لە کوبا بەکاردەهێنرێت لە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەوە، بڕدراوە.

هەزاران خۆپیشاندەر، زۆربەیان گەنج بوون ڕژابوونە سەر شەقامەکانی شاری سان ئەنتۆنیۆ دی لۆس بانۆس، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە هاڤانای پایتەختەوە دوورە.

سەرۆکی کوبا سەردانی ئەو شارەی کرد و ئەندامانی پارتی کۆمۆنیست چواردەوریان دابوو لە کاتێکدا دانیشتوانی شارەکە تەنگیان پێهەڵچنیبوو، بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە.

مێگێز دیاز کاناڵ، بە پەیامنێرانی وتووە ڕەوشی وزەی ئەلیکتریک هەندێک کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە و لۆمەی ئەم ڕەوشەشی لە ئەستۆی سزاکانی ئەمەریکا ناوە کە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا سەپاندبوونی و جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، ئەو سزایانەی وەک خۆی هێشتۆتەوە.

سەرۆکی کوبا وەک دەڵێت "مافیا کوبایی ئەمەریکاییەکان" گوناهبارن بەوەی خۆپیشاندانەکان ئاوردەدەن لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا.

ئەمەریکا کاردانەوەیەکی نەرمی هەبووە لەسەر ڕووداوەکانی کوبا.

جەیک سولیڤن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "ئەمەریکا پشتیوانی لە ئازادییەکانی ڕادەربڕین و گردبوونەوە دەکات لە سەرانسەری کوبادا، بە توندیش هەموو کارێکی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵک ڕەت دەکەینەوە، چونکە مافێکی بنچینەیی جیهانیانەی خۆیان بەجێدەگەیەنن."

XS
SM
MD
LG