Accessibility links

ئەوروپا و ئیسرائیل و هیوای پەیوەندییەکی باشتر


بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "یەکێتی ئەوروپا هیوای وایە سەرەتایەکی نوێ لەگەڵ حکومەتی نوێی ئیسرائیلدا دەستپێبکات."

ئەم لێدوانەی ئەمڕۆ دووشەممەی جۆسیپ بۆریل هاوکاتی وتووێژەکانی یائیر لاپێد، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلە لە برۆکسل.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لاپێد، بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "سەردانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل بۆ برۆکسل گرنگە و دەرفەتێکیشە بۆ دەستپێکردنێکی نوێ و پێموایە دەرفەتێکی باشە بۆمان تا پەیوەندییەکانمان دەستپێبکەینەوە کە لە ڕابردوودا پشێوی تیادابووە."

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی بە "ئاماژەیەکی باش" ناودێرکردووە و دەشڵێت "یەکێتی ئەوروپا چاوی لەوە بووە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل دەستپێبکەنەوە."

دوا کۆبوونەوەی ئەم ئەنجومەنە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر بووە و کار و ئەرکی ئەنجومەنەکەش پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایە.

وەها بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ هەر 27 وەزیرەکەی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا کۆببێتەوە.

پەیوەندییەکانی برۆکسل و بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری پێشووی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی باش نەبوون، بەهۆی ئەوەی نەتەنیاهۆ هەوڵی لەپەراوێزنانی یەکێتی ئەوروپای دەدا لەو ناوچە پڕ گێرمە و کێشەیەی جیهاندا.
بەڵام هێشتاش دۆسێ ئاڵۆزەکان درێژەیان هەیە، لە کاتێکدا یەکێتی ئەوروپا لە هەوڵدایە بۆ دەستپێکردنەوەی تاووتوێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت لە نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکاندا و هەروەهاش برۆکسل لە هەوڵدایە تا ئەمەریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا مۆرکرا.

XS
SM
MD
LG