Accessibility links

موحەمەد بەدیع و 9 ئیخوانی تر سزای 25 ساڵ زیندانیکردنیان پشتڕاست دەکرێتەوە


دادگایەکی وڵاتی میسر سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی پشتڕاست کردۆتەوە لەسەر 10 ئەندامی ڕێکخراوی قەدەغەکراوی ئیخوانولموسلمین کە یەکێکیان ڕێبەری ئیخوانەکانە لە میسر.

سەپاندنی ئەم سزایە بەسەر ئەو 10 ئیخوانەدا بە تاوانەکانی شکاندنی زیندان و کوشتنی پۆلیس بووە هاوکاتی ڕاپەڕینەکەی ساڵی 2011 گەلی میسر دژ بە ڕژێمی دیکتاتۆری حوسنی موبارەک، سەرۆکی ئەو کاتەی میسر.

موحەمەد بەدیع، ڕابەری باڵای ئیخوانولموسلمین و 9 ئەندامی تری ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی 2019دا یەکی بە 25 ساڵ زیندانیکردن سزا دراون، ئەمەش بەپێی یاسای میسر زیندانیکردنی هەتا هەتاییە.

هەر هەموشیان بە تاوانی پیلانگێڕان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینییەکاندا گوناهبارکرابوون تا بچنە ناو زیندانەکانەوە و گیراوە ئیسلامییەکان ئازاد بکەن.

دادگای پێداچوونەوەی میسر کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە بۆ دادگاکانی تاوان لەو وڵاتەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 8 کەسی تری سەر بە ئیخوانەکانی بەبێتاوان ناساندووە. ئەو 8 ئەندامەی ئیخوان کە بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئاستێکی نزمدا بووە، پێشتر سزای 15 ساڵ زیندانیکردنیان درابوو بەسەردا بە تاوانی توندوتیژی کردن هاوکاتی ئەو شۆڕشەی بووە مایەی ڕوخاندنی حوسنی موبارەک دیکتاتۆری پێشووی میسر.

موحەمەد مورسی کە یەکێک بوو لە ڕێبەرانی ئیخوانەکان لە میسر جێی موبارەکی گرتەوە؛ بەڵام لەشکر بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆکی ئێستای میسر، مورسی لە سەرۆکایەتی لادا لەنێوەندی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتیدا دژ فەرمانڕەوایەتی مورسی.

عەبدولفەتاح ئەلسیسی، لە درەنگانێکی ساڵی 2013دا ئیخوانولموسلمینی بە ڕێکخراوێکی لە یاسا دەرچوو ناودێر کرد و کردیە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراویش و لەو کاتەشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکوتکردنی ئیخوانەکان دەستیپێکردووە و بە هەزاران لایەنگری ئەو ڕێکخراوە لە یاسا دەرچووە دەستگیرکراون.

بڕیارەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی دادگا، دوا بڕیارە و هیچ پێداچوونەوەیەکی تری یاسایی هەڵناگرێت.

ئەم دادگایە لە مانگی ڕابردوودا سزانی مردنی بەسەر 12 ئەندامی تری ئیخوانەکاندا پشتڕاستکردەوە کە دووانیان لە ئەندامە باڵاکانی ئەو ڕێکخراوە بوون.

XS
SM
MD
LG