12 کەس دەمرن و 26 کەسیش بریندارن لە ئاکامی وەرگەڕانی پاسێک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیادا.
زۆربەی سەرنشینەکانی ناو پاسەکە کۆچبەران بوون بەپێی لێدوانی کاربەدەستان بۆ میدیای خۆجێی لە پارێزگای وان و دەشڵێن درەنگانێکی ڕۆژی شەممە ئەو پاسە وەرگەڕاوە.
کاربەدەستانی تورکیا لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە "لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، 11 کەسیان کۆچبەر بوون و یەکێکیشیان ئەو کەسە بووە کە یارمەتیدەربووە بۆ گواستنەوەی نایاسایی کۆچبەرەکان."
کاربەدەستان دەڵێن بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و خاوەنی پاسەکەش دەستگیرکراوە.
شاری وان دەکەوێتە نزیک سنوری نێوان تورکیا و ئێرانەوە و ئەم شارە وەک خاڵی پەڕینەوەی کۆچبەران دادەنرێت بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و زۆربەی کۆچبەرەکانیش لە ئەفغانستانەوە بە ئێراندا خۆیان دەگەیەننە تورکیا تا لەوێوە بگەنە وڵاتێکی ئەوروپا.
لە مانگی 7ی ساڵی ڕابردوودا، بەلەمێک کە 60 کۆچبەری هەڵگرتبوو لە دەریاچەی واندا نوقم بوو.