Accessibility links

سیستەمی دژە موشەک لە فڕۆکەخانەی کابوڵ دادەنرێت


دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەڵێن سیستەمی دژە موشەکیان داناوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ بۆ تێکشکاندنی ئەو موشەکانەی دەگیرێنە فڕۆکەخانەکە.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان هاوکاتە لەگەڵ هێرشە بەرفراوانەکانی تاڵیباندا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیشی لە پرۆسەی کۆتاییهێناندان بە ئەرکی لەشکریی خۆیان لە ئەفغانستاندا، هەرچەندە یاخیبوان لە ئێستادا وەک دەگوترێت دەستیان گرتووە بەسەر نزیکەی لە سەدا 85ی وڵاتەکەدا، بەڵام حکومەتی ئەفغانستان ئەمە پشتڕاست ناکاتەوە و گومانی لەسەر ئەو جۆرە ڕاگەیەندراوانە هەیە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هیچ لایەنێکی سەربەخۆ ئەو جۆرە ڕاگەیەندراوانەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت "لە کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە ئەو سیستەمی دژە موشەکە دانراوە و لەسەر ئاستی جیهانیش سەلمێندراوە کە ئەم سیستەمە بە سودە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە هێرشێکی موشەکی."

کاربەدەستانی ئەفغانستان باس لە هیچ وردەکارییەکی تری ئەم سیستەمی دژە موشەکە ناکەن و ناشڵێن چ جۆرێکە و کێش بۆی داناون، تەنها ئاماژە بەوە کراوە وەک دەڵێن "دۆستە بیانییەکانمان داویانە بە ئەفغانستان."

ئەجمال عومەر شینواری، وتەبێژی هێزە ئاسایشییەکانی ئەفغانستان دەڵێت "ئەم سیستەمی دژە موشەکە، تەکنەلۆژیایەکی نوێ و ئاڵۆزە و لە ئێستادا دۆستە بیانییەکانمان کاری پێدەکەن و ئێمەش وەک هێزە ئاسایشییەکانی ئەفغانستان لە پرۆسەی دروستکردنی تواناییەکانداین بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمەی دژە موشەک."

تاڵیبان بەردەوام هێرشی موشەکی و هێرشی خومپارەیی دەکاتە سەر هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، بە هەمان شێوەش ئیسلامییە جیهادییەکانی داعشیش لە ساڵی 2020ەوە لەو جۆرە هێرشانە دەکەنە سەر پایتەختی ئەفغانستان و شوێنەکانی تری وڵاتەکەش.

XS
SM
MD
LG