Accessibility links

گرانی دەبێتە مەینەتییەکی تر بۆ سوریاییەکان


بەرزبوونەوەی نرخی نان و هەروەها سوتەمەنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا، بۆتە مایەی مەینەتییەکی تر بۆ دانیشتوان لەو ناوچانەدا.

ئەم بڕیارەی حکومەتی سوریا بۆ زیادکردنی نرخەکان لەمڕۆ یەکشەممەوە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دیمەشق لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەردەوام نرخی سوتەمەنی زیاد کردووە تا بەرەنگاری ئەو داڕمانە داراییە ببێتەوە کە بەهۆی 10 ساڵەی شەڕی ناوخۆی سوریا و بەهۆی سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەپاندویانەتە سەر ئەو وڵاتە، ئەم قەیرانە داراییە هاتۆتە ئاراوە.

نرخی سوتەمەنی بۆتە سێ هێندە و نرخی نانیش بۆتە دوو هێندە لەمڕۆ یەکشەممەدا بەپێی سانا، ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی سوریا. ئەم دواترین بڕیارەی حکومەتی سوریا تەنها چەند ڕۆژێک پاش ڕاگەیاندنێکی دیمەشق بووە بۆ زیاتر کردنی نرخی سوتەمەنی بە ڕێژەی لە سەدا 25.

بەرزبوونەوەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریا بۆ زیادکردنی موچەی کەرتی گشتی بە ڕێژەی لە سەدا 50.

بەپێی ئەو لیستی نرخانەی ئاژانسی دەنگوباسی سانا بڵاویکردۆتەوە، نرخی یەک لیتر سوتەمەنی لە 180 لیرەی سوریاییەوە کراوە بە 500 لیرە.

سەرۆکی کۆمپانیای سوریایی بۆ عەمارکردن و دابەشکردنی سوتەمەنی دەڵێت "لە سەدا هەشتای پێداویستی سوتەمەنی سوریا بە پارەی بیانی لە وڵاتانی ترەوە دابین دەکرێت و بەرزکردنەوەی نرخ پێویستە بۆ کەمکردنەوەی پارەی هاوردەکردنی سوتەمەنی."

نرخی نانیش بەپێی ئەم بڕیارەی حکومەت بەرزکراوەتەوە بۆ 200 لیرە و کۆمپانیاکانیش دەڵێن، بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی کاریگەری هەبووە بەسەر بەرزکردنەوەی نرخی نانەوە.

XS
SM
MD
LG