Accessibility links

سەرۆکی هایتی جۆڤینێڵ مۆیس لە ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت و هاوسەرەکەشی بریندار دەبێت


سەرۆک وەزیری کاتیی هایتی ڕایگەیاند سەرۆکی وڵاتەکە جۆڤینێل مۆیس لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر ماڵەکەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە کوژراو خانمەکەیشی بریندار بوو.

کلاود جۆسف گوتی لە ئێستادا ئەو بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی وڵات و داوای لە خەڵکی کرد دانبەخۆیاندا بگرن، لە کاتێکدا جەختیشی لەوە کردەوە پۆلیس و لەشکر سورن لەسەر پارستنی خەڵکی.

جۆسف گوتی " سەرۆک لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن بیانییەکانەوە کوژراوە کە بە زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی قسەیان دەکرد."

مۆیس بە بڕیار حوکمی هایتی، هەژارترین وڵاتی ئەمەریکا، ی دەکرد، پاش ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە بڕیاربوو لە ساڵی 2018 ئەنجام بدرێت، بەهۆی ناکۆکییەکان دووا خرا. یەكێک لەو ناکۆکییانەش ئەوە بوو کەی ماوەکەی خۆی کۆتایی پێدێت.

جگە لە قەیرانی سیاسی، لەم چەند مانگەی دواییدا ڕفاندن بە مەبەستی وەرگرتنی پارە لە وڵاتەدا زیادی کردووە، ئەمەش زیاتر هاوکار بووە بۆ گەشەکردنی کاریگەریی چەکدارە چەتەکان لەو وڵاتەدا.

هایتی ئەو وڵاتەیە کە گیرۆدەی هەژارییەکی زۆر و کارەساتە سروشتییەکانیشە.

سەرۆکی وڵاتەکە بەرهەڵستێکی زۆری خەڵکی هەبوو کە مانەوەکەیان بە ناشەرعی دەزانی و لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوو 7 سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە گۆڕا. دواینیان جۆسفە کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە پاش تەنها سێ مانگ لە پۆستەکەی بگۆڕدرێت.

جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان و هەڵبژاردنە خۆجێهییەکان بڕیار بوو لەم مانگی نۆیەدا لە هایتی ڕاپرسی لەسەر دەستوور بکرێت پاش ئەوەی دوو جار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دووا خرا.







XS
SM
MD
LG