Accessibility links

ئێران ئیسرائیل تاوانبار دەکات بە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی


حکومەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هەوڵێکی تێکدەرانە لە مانگی پێنجدا لە دامەزراوەیەکی ناوکی ئێراندا زیانێکی کەمی گەیاندووە بە بینایەک بە بێ ئەوەی ئامێر و کەلوپەلەکان زیانیان بەرکەوتبێت و ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تاوانبار دەکات.

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی حکومەت لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا بۆ میدیاکانی حکومەت گوتی ئەو وێنانەی سەتەلایت کە نیشان دەداتبەشێک لە سەربانێک دیار نییە و لەناوچووە لەو کاتەدا گیراون کە خەریکی چاکردنەوەی بیناکەن.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی (IRNA) ڕەبیعی گوتی " کەلوپەل و ئامێرەکانمان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە و تەنیا زیانێکی کەم بەر سەربانێک کەتووە کە لە وێنەکانی (سەتەلایت)دا پیشاندراوە کاتێک سەقفەکەی لابراوە بۆ ئەوەی چاکی بکەنەوە."

ئەو گوتی ڕووداوەکە هەوڵێک بووە لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ تێکدانی ئەو گفتوگۆیانە کە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهانی دا ئەنجام دراوە و ئیسرائیل دژایەتییان دەکات.

گوتیشی "ڕژێمی زایۆنیزم (ئیسرائیل) ئەم کردەوانەی کردوە بۆ راگرتنی ئێران و بۆ ئەوەی بڵێت کە پێویست ناکات جیهان لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ بکات"

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەفتالی بەنێت ڕەتیکردەوە لێدوان لەم بارەیەوە بدات.

ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبارکردووە بە چەندین هێرش بۆ سەر دام و دەزگا ناوکییەکەی و کوشتنی زانایانی ئەتۆمی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا. ئیسرائیل دەنگۆکانی نە ڕەتکردوەتەوە و نە پشتڕاستیشی کردونەتەوە.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی23 ی مانگی پێنج رایانگەیاند، کە هەوڵێکی تێکدەرانە دراوە لە دژی بینای ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کە دەکەوێتە رۆژئاوای تارانەوە و ڕایانگەیاند کە هیچ "زیانی گیانی و ماڵی" لێنەکەوتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG