Accessibility links

هۆکاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێو کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق


ڕۆژی سێشەممە لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو بەڵام لەو کۆبوونەوەیەدا گرژی دروست لە کاتێکدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنە جیاجیاکان ڕێگەیان نەدا کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەبێت تا پرسی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێتە دەنگدانەوە.

دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەو پرسە ڕا و بۆچوونی ئەندامێکی ئامادەبووی نێو هۆڵی کۆبوونەوەکە و ئەندامێکی تری پەرلەمان کە باسی ئەوە دەکات ڕێگەیان پێنەدراوە بچنەوە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکە وەردەگرێت و هۆکارەکان لە زاری خۆیانەوە دەخاتەڕوو.

بەهمەن کاکە عەبدولڵا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بەهیچ شێوەیەک ڕێگریان لێنەکرا لە کۆبوونەوەکەی پێشوو کۆمەڵێک پێشنیارات کران لەوانە پێشنیاری لێبڕینی مووچە و دامەزراندنی یەکەمەکان و گرێبەستەکان خۆ ناکرێت هەموو پێشنیارەکان بخرێتە دەنگدان، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا کە ڕاسپاردە بخرێتەدەنگدان کە ئەمانە هەمووی بکرێتە یەک پاکێجی ڕاسپاردە و ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن خرایە دەنگدان و 69 ئەندام پەرلەمان دەنگی پێداوە و تێپەڕیوە".

هەلز ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گووت" ئێمە 56 پەرلەمانتار یاداشتێکمان پێشکەشکردبوو داوامان کردبوو کە حکومەت ئامادەبێت یاخود نا پەرلەمان بڕیارێکی تەشریعی دەربکات بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی مووچە بەڵام ئەوەبوو ئەو شانۆگەریەی کە لە کۆبوونەوەی پێشتر ئەنجامدرا کران بە ڕاسپاردە، ئەمڕۆ ئێمە رژد بووین کە بڕیاری 21%ی لێبڕینی مووچە بخرێتە دەنگدان با دەنگمان نەهێنابوایە تەنها بۆ ئەوەی خەڵک و ڕای گشتی بزانن کە کێ لەگەڵیتی و کێ لەگەڵیدانیە دکتۆرە ڕێواس ڕۆڵی تەشریعی خۆی نەگێڕا بۆیە ئێمەش ڕازی نەبووین بەردەوامی بدرێتە بڕگەکانی تر تا ئەو بڕگەیە بە کۆتا نەهێت بۆیە کۆبوونەوەکەی ڕاگرت".

پەرلەمانتارەکەی فڕاکسیۆنی پارتی سەبارەت بە ڕێگریکردن لەو پەرلەمانتارانەی کە باسیان لێوە دەکرد گووتی" ئەوەی ئەمرۆ ڕوویدا ئەوان لەناو کۆبوونەوە بوون و خاڵی پەیڕەوی خۆیان وەرگرت و قسەی خۆیشیان کرد دواتر ڕێگەیان نەدا سەرۆکی پەرلەمان ئیشەکانی بکات هەڵسان چوونە بەردەم ستەیج سەرۆکی پەرلەمانیش بەپێی مادەی 57 مامەڵەی کرد ئاگاداری کردن کە کۆبوونەوەکە تێکنەدەن تا شەش جار ئاگاری کردنەوە دواتر هەر بەپێی مادەی 57 داوای لێکردن بچنە دەرەوە و کۆبوونەوەکە بەجێ بهێڵن بەڵام کۆبوونەوەیان بەجێنەهێشت بۆیە کۆبونەوەکەی ڕاگرت و دواتر دەستپێکرایەوە کە دەستپێکرایەوە ئەوانەی کە بێ بەشکراون لە کۆبوونەوەکە بەپێی مادەی 57 بۆیان نییە بێنە ژوورەوە بۆیە لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ڕێگریان لێکراوە".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو سەبارەت بەو گرژی و ئاڵۆزیەی نێو پەرلەمان زیاتر دەڵێت" کاتێک ئێمە بۆ ماوەی دە خۆلەک چووینە دەرەوە بەبێ ئاگاداری ئێمە چونکە بەپێی پرۆتۆکۆڵ ئێمە ئاگاداردەکرێینەوە و جەرەسێک هەیە بۆ پەرلەمانتار و ماوەکەش دەستنیشانکراوە کاتێک گەڕاینەوە دەرگای هۆڵیان لەسەر ئێمە داخست سەرەتا ئێمە 16 پەرلەمانتار بووین بەڵام لە ئێستادا بووینەتە 22 پەرلەمانتار کە لە دەرەوەی هۆڵەکەداین".

جێی باسە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمانی کوردستان عێراق سەبارەت بە دەنگدان بووە لەسەر بە بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لە سنوری شارەوانیەکان زێدەڕۆییان کراوەتە سەر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:12 0:00


XS
SM
MD
LG