Accessibility links

 مەترسییەکانی گەشەسەندنی تیرۆرزم لە سەرانسەری ئافریکا


ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی ناچاردەبن ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ لە ئافریکا ببنەوە کە چەندین ساڵە کار بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تیرۆرزم دەکەن، بەڵام وادیارە ئەو هەوڵانەیان بە تەواوەتی سەرکەوتوو نەبووە.

سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئافریکا ژەنەڕاڵ ستیڤن تاونسێند ڕۆژی سێسەممە لە کۆنفرانسێکی ئۆنلاینی بەرگریدا گوتی " سەرەڕای باشترین هەوڵەکانمان تیرۆرزم بەردەوام بڵاوبۆتەوە."

تاونسێند گوتی " بڵاوبوونەوەی تیرۆرزم تا ئەندازەیەک بێ وچان بەردەوام بووە" و ئاماژەی بەوەش کردچارەنووسی هەوڵەکانی داهاتوو دەکرێت پشت بە پێداچوونەوەی ئێستای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ ئەرکەکان ببەستێت،کە بڕیار دەدات کە ئایا فەرمانەکەی هێز یان سەرچاوەی زیاتر بەدەست دەهێنێت و یاخود داوای لێ دەکرێت کە ڕێگا بدۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر یان کەمتر.

ئەمە یەکەم جار نییە تاونسێند داوای کردووە واشنتن سەرنج بخاتە سەر هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی گروپە تیرۆرستەکان و ئایدۆلۆژیایان لە سەرانسەری ئافریکا.

ئەو ژەنەڕاڵەی لەشکری ئەمەریکا لە ساڵی ڕابردووش هۆشداری دا بە یاسادانەران و گوتی " هەوڵەکانی ڕۆژئاواو جیهانی و هەوڵەکانی ئافریکا بەس نین بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. داعش و ئەلقاعیدە لە گەشەسەندندان."

لە هەمانکاتدا ئەو سەرکردەیەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئافریکا کاتێک باسی ئەو گروپانەی دەکرد دەیگوت پێوێستە ڕێگریان لێبکرێت نەک لەناوببرێن.

لە مانگی 11 ی ڕابردووشدا، بەرپرسی گشتی پەنتاگۆن لە ڕاپۆرتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر لە ئافریکا زۆر بە ڕوونی هۆشداری دا کە گروپە تیرۆرستیە سەرەکییەکانی ئەلشەبابی سەر بە ئەلقاعیدە لە سوماڵ و چەند لایەنێکی جۆراوجۆری سەر بە گروپی تیرۆرستی داعش هێزی خۆیان هێشتووەتەوە ئەگەر زیاتریشیان نەکردبێت.

هەرچەندە دواین هەڵسەنگاندنی تاونسەند تەنها ڕۆژێک پاش ئەوە بوو کە هاوپەیمانی جیهانی 83 ئەندامی بۆ شکستپێدانی داعش ڕایگەیاند بە نیازە هێزێکی کار دژ بەو گروپە لە ئافریکا پێکبهێنێت.

ئەمە لە کاتێکیشدایە کە ڕێبەرانی لەشکری ئەمەریکا چاوەڕوانی ئەنجامەکانی پێداچوونەوەی هێزەکان دەکەن، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدنەوە داوا کراوە، تا بزانن چۆن واشنتن بتوانێت بە باشترین شێوە هێزەکان و سەرچاوەکان دیاری بکات لە کاتێکدا زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسییانەی بەهۆی زلهێزەکانی وەکو چین و ڕوسیاوە ڕوویتێدەکات.

لە سەرەتای ئەم مانگە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن بە یاسادانەرانی گوت نازانێت کەی پێداچوونەوەکە کۆتاییپێدێت، بەڵام دڵنیای کردنەوە سەرنجەکان لەسەر ئەوە دەبێت کە " دڵنیابن لەوەی ئەگەر لە سۆماڵ بێت یان هەر شوێنێکی تر لە جیهاندا، تیرۆرستان ئەو توانایەیان نەبێت کە هەڕەشە بخەنە سەر وڵاتەکەمان."

گروپی ئەلشەبابی بنکە لە سۆماڵ کە نزیکەی 10 هەزار چەکداری هەیە یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکان.

تاونسێند ڕۆژی سێشەممە هۆشداریشی دا کە ئەلشەباب " گەورەترین و دەوڵەمەندترین باڵی ئەلقاعیدەیە" و ئاماژەی بەوەش کرد ئەو گروپە نەک تەنها هەڕەشەیە بۆ هەرێمەکە بەڵکو هەڕەشەیە بۆ خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش.

گوتیشی بڕیارەکەی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە وڵاتەکە لەمانگی 12 ی ڕابردوودا هاوکار نەبوو بۆ سنووردارکردنی ئەو گروپە تیرۆرستە. ئەو گوتی " نکوڵی لەوە ناکرێت گەڕانەوەی تا ئەندازەیەک لەناکاوی ئێمە لە سۆماڵ لە سەرتای ئەمساڵدا مەتسی زیاتر و ئاڵۆزتری هێنایە گۆڕێ."

XS
SM
MD
LG