Accessibility links

گوڵستان سەعید: هەر کەسێک تێوەگلاوە لە هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی پێویستە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت و ڕادەستی دادگاکان بکرێت


هەندێک دەنگو و هەواڵ بڵاوبوونەتەوە کە باس لە بەکارهێنانی پێگەی پەرلەمانتاری بۆ بەرژەوەندی کەسی دەکرێت ئەمەش ناڕەزایەتی لای بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق و شەقامی کوردی بەگشتی دروستکردووە و داوا دەکرێتلیژنەی لێکۆلینەوە لەوبارەیەوە پێکبهێنرێت و ڕاستی و دروستی بابەتەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت بەو پێیەی کە پەرلەمانتاران نوێنەرن خەڵکن.

گولستان سەعید سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە و بە سەرۆکایەتی پەرلەمانمان وتووە ئەگەر هەر کەسێک تێوەگلاوە لە هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی و هەر کەسێک پێگەکەی خۆی بۆ دەوڵەمەندکردن بەکارهێناوە لەناو پەرلەمانتاران پێویستە لیژنەی یاسایی لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرئەنجام بگیرێت و ڕادەستی دادگاکان بکرێت و لەوێوە متمانەی پەرلەمانی لەو کەسانە بسەندرێتەوە و کۆتایی بە کاری پەرلەمانیان بهێنرێت و خەڵکی دیکەی خاوەن متمانە بێنە جێگەکانیان چونکە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان چاودێریکردنە ئەمە قابیلی قبوڵ نییە کە بەم شێوازە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاران بکرێت".

ناوبراو وتیشی" پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت بەرامبەر هەر پەرلەمانتارێک کە کەموکورتی هەیە چونکە لە دواجاردا پەرلەمانتارێکی چاڵاک و پەرلەمانتارێکی ناچاڵاک وەک یەک پەرلەمانتارن و هەموو پەرلەمانی کوردستان بەری ڕەنجی پەرلەمانتارە چاڵاکەکان دەچن" گولستان سەعید دەشڵێت" هیوادارین لە رۆژانی دەوامدا بگەینە ئەو ڕاستی و دروستیەی کە بزانین کێیە ئەو ئیشانەی کردووە و کێیە پۆست و پێگەگەی خۆی بەکارهێناوە بۆ خۆدەولەمەندکردن و گەندەڵی کردن و بۆ دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ بازرگان و ئەوانەی کە ئیشی وەبەرهێنان دەکەن".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لەبارەی هەڵویستەکانیان لەمەڕ لێبڕینی موچەی فەرمانبەران کە هێشتا بەردەوامی هەیە گووتی" ئێمە لە 25/5 دوو یاداشتمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە کە دەبێت دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە و یاداشتمان ئاراستە کردووە دەبێت کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنرێت و پەیامەکانی خۆیشمان بە زارەکیش گەیاندووە کە لێبڕینی مووچە هیچ بەهانەیەکی بۆ نەماوەتەوە چونکە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە پێداویستیەکانی ژیان بۆ خەڵک مسوگەر بکات و ئەرکیەتی خەڵکی کوردستان بپارێزێت و خۆشگوزەرانی بکات و لە ئێستادا نرخی نەوت زۆر بەرزە و نرخی دولاریش بەرزە و نەوتیش بە دولار دەفرۆشن".

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:12 0:00


XS
SM
MD
LG