Accessibility links

ئێران دەڵێت هێشتا هیچ بڕیارێکی لەسەر نوێکردنەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ IAEA بۆ چاودێری کردنی دەزگا ناوکییەکانی نەداوە


ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێشتا بڕیاری لەسەر نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی چاودێریکردنی دەزگا ناوکییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان (IAEA) نەداوە. ئەو ڕێککەوتنە لە هەفتەی ڕابردوو بەسەرچوو لە کاتێکدا واشنتن هۆشداری دەدات ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نوێ نەکرێتەوە وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئاڵۆزتر دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەید خەتیبزادە لە لێدوانی هەفتانەی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند " هەتا ئێستا هیچ بڕیارێک نە بە ئەرێنی و نە بە نەرێنی لەبارەی درێژکردنەویە ڕێککەوتنی چاودێری کردن لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی نەدراوە."

ڕۆژی یەکشەممەش سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند تاران هەرگیز وێنەکانی ناو چەند دەزگایەکی ناوکی ئێران ڕادەستی چاودێرانی ناوکی نەتەوە یەکگرتوەکان ناکات، لە کاتێکدا ڕێککەوتنی چاودێری ناوکی لەگەڵ ئاژانسەکە بەسەرچووە، ئەمەش بەپێی ڕاگەیاندنی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران.

محەمەد باقر قالیباف ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە بەسەرچوە وهیچ کام لەو زانیاریانەی تۆمار کراوە هەرگیز ڕادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ناکرێن و داتا و وێنەکان لە دەستی ئێراندا دەمێننەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئێران دەتوانێت گفتوگۆی نێوان ئێران و شەشوڵاتی زلهێزی جیهانی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 زیاتر ئاڵۆزتر بکات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن ڕۆژی هەینی گوتی هەر شکستێک لەلایەن تارانەوە بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتننامەی چاودێری چەکی ناوکی " نیگەرانییەکی جدی " دەبێت بۆ دانوستانە بەرفراوانەکان.

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی تاران تایمزی حکومەتی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و دەرەوەی پەرلەمان هۆشداری داوە کە ئێرانیش کامێراکانی ئاژانسی چادێری نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکوژێنێتەوە، ئەگەر ئەمەریکا هەموو سزاکانی سەر وڵاتەکەی لانەبات.

XS
SM
MD
LG