Accessibility links

دۆسێی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا


دوو پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق "ڕوپاک ئەحمەد لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، هەروەها گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێم" سەردانی زیندانییەکانی بادینان و کەسوکاری زیندانییەکانیان کردوە.

هاوکات دوو ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنوسان لەهەرێم، ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و وەڵامی حکومەتی هەرێمیش بۆ ئەو ڕاپۆرتە هەڵدەسەنگێنن. رێکخراویDHRD بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ڕەوشی رۆژنامەنوسان، لە لێدوانەکانیاندا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا جارێکی تریش جەخت دەکەنەوە لەوەی وەک دەڵێن "ڕەوشەکە خراپە."

زانیارییەکان لەسەر تەواوی ژمارەی دەستگیرکراوانی بادینان جۆراوجۆرن و ڕووپاک ئەحمەد پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری هاوڕایە و دەڵێت "ژمارەی زیندانیکراوەکانی بادینان زۆرن هەندێک دەڵێن 33 کەسن هەندێکی دیکەش دەڵێن لەسەرو 70 زیندانییەوەن."

بێ لەو نەبوونی ئەو زانیارییە، کێشەی شوێن لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانیشدا هەیە؛ گوڵستان سەعید، پەرلەمانتار و جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "شوێنی زیندانەکە تایبەتە بە 30 کەس بەڵام 130 کەس بەرەوژوور لەزیندانەکەدا هەن."

سەبارەت بە دەنگۆی هێشتنەوەی گیراوەکان لە زیندانە تاکە کەسییەکاندا، گوڵستان هەواڵەکە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت "شێروان شێروانی 67 ڕۆژ لەزیندانی تاکەکەسیدا بووەو ئەو 4 کەسەی دیکەش کە لەگەڵ ئەودا بوون 52 رۆژ لەزیندانی تاکەکەسیدا بوون."

ئاڵنگارییەکانی بەردەم مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان؛ ڕێکخراوە جیهانییەکانی هێناوەتە دەنگ. دواترین ڕاپۆرتیش لەسەر ئەم دۆسێیانە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بوو.

یونامی، ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، باسیان لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەریی کردوە لەهەرێمی کوردستاندا، ڕێکخراوە خۆجێییەکانیش لەسەر پێشێلکاری مافەکان و ئازادییەکان ساڵانە ڕاپۆرتی خۆیان بڵاودەکەنەوە و بۆ هەر بابەتێکی پەیوەندیداریش باس لە وردەکارییەکان دەکرێت و زانیارییەکانیش لە زاری گەواهدەرانەوە وەرگیراون.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانە و لێدوانەکانی حکومەتی هەرێمیش، پرسیارگەلێک دێنە ئاراوە لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕەوشی دادگاکان، لەوانە؛ ئایا ئەو ڕاپۆرتانە ڕاستن یان کەموکورتییان تیادایە و بە "مەبەست" نوسراون؟ ئەو کەموکورتییانە چین لەو ڕاپۆرتەدا؟ ئایا وەڵامەکانی دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە خۆجێیەکان و ڕەخنەگران دڵنیا بکاتەوە لەوەی کە ئەم ڕاپۆرتەی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ هیچ بنەمایەکی نیە؟ ئایا وێنە گەورەکەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەریی چیمان نیشان دەدات؟

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی یان ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت "لە ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی بێبەزەییانە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ئەو خۆپیشاندەرانەیان سەرکوتکردوە کە مافی ئازادی ڕادەربڕینی خۆیان بەکارهێناوە ." ڕاپۆرتەکە دەڵێت سەرکوتکردنەکان بریتی بوون لە "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێن کردن."

دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە کەس لە کوردستان دەستگیرنەکراوە کە تەنها بەشداری لە خۆپشاندانەکاندا کردووە و ئەو کەسەی کە دەستگیرکراوە سەرپێچی یان توندوتیژی، یان کارێکی وایکردووە کە سزایەکی یاسایی هەبێت ئەمە ڕاستیە و کەسیش لە هەرێمی کوردستان دەستگیر و دەستەسەر ناکرێت مەگەر بە فەرمانی دادوەر و ئیجرائاتی دادگا نەبێت."

رێکخراوی DHRD یەکێکە لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و چەندین ساڵە چاودێری ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی دیموکراتی دەکات لەهەرێمەکەدا و سەردانی گرتوخانەکان دەکات و ساڵانەش ڕاپۆرتی تایبەت لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و یەکێکیشە لەو ڕێکخراوانەی لەلایەن ڕێکخراوە جیهانی و ئەمریکاییەکانەوە کۆمەک دەکرێت.

کارزان فازیڵ، مافناس و بەڕێوبەری ڕێکخراوەکە دەڵێت "ڕاپۆرتەکەی ئەمنیستی و پێشتریش ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و ناوخۆییەکان و ڕاپۆرتەکانی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەو ڕاپۆرتانەی یونامی کە لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕینن لەعێراق و کوردستان و ئەوەی ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و خۆمان لەناو دۆخەکەدا ئەژین؛ بەڕاستی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لەعێراق و لە هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی خراپدایە."

کارزان فازیل، دەڵێت ئیتر نە حکومەتی هەرێم نە حکومەتی عێراق ناتوانن ڕەوشەکە لەناوخۆدا پەردەپۆش بکەن و تێبپەڕێت و دەڵێت "ئێمە هیچ دڵمان بەوە خۆش نیە کە بڵێین ڕەوش و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لەکوردستان و لە عێراقدا لەڕەوشێکی زۆر خراپدایە، کە ئەمە حەقیقەتە تاڵەکەیە، بەداخەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەوە تێبگەن کە عێراق ئەو زەمەنەی تێپەڕان تا ئەم بابەتانە لەناوخۆی خۆیدا بشارێتەوە و پیشانی دنیای نەدات."

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان دەڵێت "دەیان خۆپیشاندەر لەخۆپیشاندانەکانی لەماوەی ئەم دە ساڵەدا کراون، شەهیدکراون و تاوانبارانیش هەتا ئێستا دەربازبوون لە سزا."

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت "ڕاپۆرتی تر هەیە باس لە ڕەوشی خراپی زیندانیان دەکەن، باس لە ڕەوشی خراپی ژنان و ڕۆژنامەوانان و ڕەوشی خراپی ئازادی رۆژنامەگەری دەکەن، ئەمانە هەمووی پێویستی بە وەڵامدانەوە نیە، ئەوەندەی پێویستی بە کارکردن هەیە، پێویستی بەوە نیە بە قسە بڵێیت چاکی ئەکەم و دوایی هەر چاک نەکرێت."

سەبارەت بە وەڵامدانەوەکەی حکومەتی هەرێم بۆ راپۆرتەکەی ئەمنیستی؛ ڕەحمان غەریب دەڵێت " نەخێر خەڵک لەزینداندان، ئەو کەسانەی کە زیندان کراون پەیوەندیداربوون بە ڕووداوەکانی دهۆک و خۆپیشاندانەکانەوە."

کارزان فازیڵ، بەڕێوبەری ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لەکوردستان و عێراق لەدوو ساڵی ڕابردودا بەرەو خراپتر رۆیشوە."

ڕەحمان غەریب، هاوڕایە و دەڵیت "پێویستە هەرێمی کوردستان چاوبخشێنێتەوە بەسەر دۆسێی مافەکانی مرۆڤدا."

لین مەعلوف، جێگری بەڕێوبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت "دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا سەرکوتکردنێکیان بە مەبەستی بێدەنگکردنی ڕەخنەگران دەستپێکردووە. ئەوان چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانیان دەستگیرکردووە و لە دادگاییەکی ناڕەوایانەدا بە تۆمەتی هەڵبەستراو دادگاییان کردوون. هەروەها کەسوکارەکانیان ترساندوون یان هەراسان کردوون لەکاتێکدا بەو بنەماڵانە نەوتراوە کە کەسەکانیان لە چ دۆخێکدان."

کارزان فازیڵ، بەڕێوبەری رێکخراوی DHRDبۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، هەروەها ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان، هیوادارن حکومەت چاوبخشێنێتەوە بە دۆسێکانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ڕۆژنامەنوساندا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:04 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG