Accessibility links

ڕەحمان غەریب: چاوەڕێ نەبووین دادگای پێداچوونەوە سزای ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکانی بادینان پەسەند بکات


ڕەحمان غەریب

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، حوکمی سەر 5 ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکەی بادینان ی پەسەند کرد، کە پێشتر لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی هەولێرەوە یەکی بە 6 ساڵ زیندانیکردن حوکمدرابوون، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی نیگەرانی و ناڕەزایەتی.

لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، دەڵێت"چاوەڕێی پەسەندکردنی سزاکە نەبووین، چاوەڕێ بووین دادگای پێداچوونەوە بەبڕیارەکەدا بچێتەوە، بەو پێیەی لەلایەن خەڵک و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانەوە فشار و هەڵوێست هەبوو."

دوای پەسەندکردنی سزای سەر 5 چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکەی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوە، لیبوردنی تایبەت لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، تەنها دەرفەتە کە ماوە بۆ ئازادکردنی حوکمدراوەکان.

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، داوای لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت و لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربکات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سەرۆکی هەرێم لێبوردنیان بۆ دەردەکات، ڕەحمان غەریب وتی"وەڵامی ئەو پرسیارە قورسە."

پێشتر سەنتەری میترۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا کۆبوویەوە، سەبارەت بە هەڵوێستی مەسرور بارزانی لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکراوەکانی بادینان، ڕەحمان غەریب وتی"سەرۆکی حکومەت لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکراوەکانی بادینان بۆچوونی جیاوازتری لەبۆچوونی ئێمە هەبوو، ئەو پێیوایە مەسەلەکە سیاسی سرفە، من ناتوانم بەناوی ئەوەوە قسە بکەن، بەڵام وەکو سەنتەری میترۆ، دەبێت هەموومان بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم دۆسیە چەند زیانی لەناوبانگی هەرێم داوە، ئەم مەسەلە ڕەخنەیەکی زۆری هێناوەتە سەر هەرێم و دەبوو دادگای پێداچوونەوە ناڕەزایەتیەکانی بەهەند وەرگرتبا."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بەپێویستیزانی سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان فشارەکانیان بەو ئاراستە بێت، کە داوا لەسەرۆکی هەرێم بکەن، لێبوردنی تایبەت بۆ دەستگیرکراوەکان دەربکات، چونکە جگە لەم ڕێگەیە، هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە بۆ ئازادکردنیان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:28 0:00


XS
SM
MD
LG