هەوڵەکانی گەران بەدوای قوربانییەکان لە ڕۆژی یەکشەممە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی زیاتر لە 150 دانیشتووی ونبوو لە نێو پاشماوەی باڵەخانەکەی فلۆریدا کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر داڕووخا ، لەم دەمەی پرسیارەکان دەربارەی پێکهاتەی درووستکردنی تاوەرەکە تا دێت زیاتر دەبێت.
ژمارەی گیان لەدەستدان لە ڕۆژی شەممەدا بۆ پێنج کەس بەرزبۆوە دوای ئەوەی کارمەندانی فریاکەوتن قوربانییەکیان دۆزییەوە لە شۆینی داڕمانی باڵەخانەکە لە سێرفساید ، کە شارۆچکەیەکی کەناراوی نزیک میامییە.
دانیلا لێڤین کاڤا سەرۆکی شارەوانی هەرێمی میامی - دەیدی لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "کاری سەرەکی ئێمە بەردەوامە بۆ گەڕان وبەهاناچوون و ڕزگارکردنی هەر ژیانێک کە لە توانای ئێمەدا بێت ".
ئەو گوتیشی هەروەها هەندێک پاشماوەی مرۆڤی دۆزراوەتەوە وناسنامەی سێ قوربانی دیکەش ئاشکراکراون و ئەندامانی خێزانەکانیان ئاگادارکرانەوە.
کاربەدەستان دەڵێن هیوایان هەیە کە هەندێک لەو 156 خەڵکەی کە بێشەرووشۆینن هێشتا زیندوو بن. گوتیشیان، ئاگرکوژێنەوەکان لە ڕۆژی شەممەدا لە ژێر کەلاوەی بینا داڕماوەکە کە تەمەنی 40 ساڵە، پێشکەوتنیان بەدەست هیینا، وڕێگەیان بە ڕزگارکەران دا کە لە سنووردارییەکی کەمتردا بگەڕێن.
شایانی باسە لە راپۆرتێکی ئەندازیاری لە ساڵی 2018 دا ئاماژە بە خراپی ئاوی ئاوەڕۆی بەڵەخانەکە دراوە و هوشیاریدرابوو لە ئەگەری کارێگەری خراپی لەسەر پایەکانی باڵەخانەکە.