Accessibility links

شاسوار عەبدولواحید یەکێتی و پارتی تۆمەتباردەکات بە بە‌رزکردنەوەی نرخی بەنزین


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەنزین پەیوەندی بە قۆرخکردنی بازاڕەکەوە هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە و لە هەمانکتیشدا فرۆشتنی لیترێکی بەنزینی بە ٥٠٠ دینار لە شاری سلێمانیدا ڕاگەیاند.

سەرچاوەی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا بەشێکی لە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دێتە بەرهەم و بەشێکیشی هاوردەی وڵاتانی دراوسێن و بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامی ئێران کە زۆرینەی بڕی بەنزینی هاوردەی لێوە هاوردە دەکرێت بۆ ناو هەرێمی کورستان.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو بارەیەوە وتی "لە ڕابردوودا تەنێکی بەنزین بە ٤٤٠ دۆلار فرۆشراوە بۆیە لە بازاڕەکاندا لیترێک بە ٥٠٠ بۆ ٥٥٠ دیناری عێراقی بووە. بەڵام ئێستا بڕیارێک دەرکراوە کە پاڵاوگەکانی کوردستان تەنێکی بەنزین بە ٦٤٠ دۆلار بفرۆشن کە بە نزیکەیی ٧١٠ دینار لەسەر بەنزینخانەکان دەکەوێت و ئەوانیش بە ٧٥٠ دینار دەیفرۆشنەوە."

بەڵام شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەکەن بەشێوەیەکی گشتی هەریەک لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بۆرسە جیهانییەکاندا دوو هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە جیهان و ناو بازاڕی هەرێمی کوردستاندا.

ئەو بڕە بەنزینەی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، وەکو گومرگ بڕە پارەیەکی لەسەر سنوور لێوەردەگیرێت. بەڵام سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوە کرد کە بە ناوی سەرانەوە بڕە پارەیەکی تر وەردەگیرێت ئەوەش هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نرخی بەنزینە.

"٧٥ دۆلاریان داناوە بۆ گومرگ و ١٠٠ دۆلاریش هەر سەرانە و خاوەیە کە بەناوی کۆمپانیایەکی حزبییەوە لە سەر سنوور لێی وەردەگیرێت. ئەم ١٧٥ دۆلارە بۆ هەر لیترێک واتە ٢٠٠ دینار. ئێستا بۆ هەر لیترێک بەنزین دوو سەد دینار بە ناوی گومرگ و سەرانە و خاوە وەردەگیرێت، هەربۆیە ئەو بەنزینەشی کە لە ئێرانەوە دێت بەنزینخانەکان بە ٧٥٠ دینار دەیفرۆشنەوە."

لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەڵمەتی فرۆشتنی لیترێک بەنزینی بە ٥٠٠ دینار ڕاگەیاند کە لە ئێستادا بووەتە جێی مشتومڕی هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەندێک بە موزایەدەی سیاسیی و هەندێکیش بە ئاڵنگارییەکی دەسەڵاتی دەبینن بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:43 0:00


XS
SM
MD
LG