Accessibility links

فەرید ئەسەسەرد: گەر تورکیا بەرەو هەولێر بێت، لێی قەبوڵ ناکرێت و هەموو پلانەکانی تێکدەچێت


سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژەبەوەدەکات، ڕەنگە پارتی دیموکرات ببێتە بەشێک لەشەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، بەڵام تائێستا یەکێتی نەبووەتە بەشێک لەو شەڕە و ناشبێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "گەورەترین گرفتی هەرێم نەبوونی تێڕوانینێکی یەکگرتووە سەبارەت بەشەڕی پەکەکە، بەتێڕوانینی یەکێتی، ئەم شەڕە، شەڕی ئێمە نیە لەهەرێم، ئێمە نەپشتگیری تورکیا و نە پشتگیری پەکەکە دەکەین، دژایەتی هیچ لایەکیشیان ناکەین، دەمانەوێت ئەم شەڕە لێمانەوە دووربێت، نامانەوێت تێوەی بگلێین."

سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی شەڕەکە بۆ ناوچە سنوریەکانی پشدەر و نزیکبوونەوەی شەڕەکە لەو سنورانەی کەحیزبەکەی تێیدا باڵادەستە، ئەسەسەرد وتی"ئەوکات بڕیاردەدەین، بەڵام ئەوەندەی پێمان بکرێت، هەوڵەدەین ناوچەکانمان دوور بێت لەم شەڕە."

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، پێیوایە ستراتیژیەتی تورکیا لەشەڕی ئەمجارەی پەکەکەدا ڕوون نیە، وتی"گەر بەو جۆرە لەمەسەلەکە بڕوانین، تورکیا دەیەوێت گورز لەپەکەکە بوەشێنێت، تورکیا یەکەمجاری نیە گورز دەوەشێنێت و نەیتوانیووە پەکەکە لەناوبەرێت، ئەم شەڕە درێژەپێدانی شەڕەکانی پێشووە، تورکیا هەوڵەدات تەنگ بەپەکەکە هەڵچنێت."

بەبڕوای فەرید ئەسەسەرد، تورکیا گەر هێز تا سنوری هەولێر بهێنێت، مەسەلەکە زۆر ئاڵۆز دەبێت، جەختیکردەوە"تورکەکان دەزانن بەهاتنیان بەرەو هەولێر، ڕەنگە هەموو پلانەکانیان لێ تێکبچێت، پێموانیە تورکیا بێت بۆ هەولێر و هەوڵەدەن لەدەرەوەی پایتەختی هەرێم شەڕی خۆیان بکەن، ستراتیژیەتی شەڕەکە دیارنیە، گەر مەبەستەکە بۆ لەناوبردنی پەکەکە بێت، پەکەکە دەمێنێتەوە و ڕەنگە ڕێوشوێنی تازە بەکار بهێنێت."

ئەسەسەرد، هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان شوبهاند بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ بۆ سەر باشوری لوبنان، کە ئەنجامەکەی پاشەکشەی ئیسرائیل بوو، پێیوابوو ئەم کارەی تورکیا هەوڵی بۆ دەدات، کارێکی ئاسان نیە و قورسە، درێژەکێشانی شەڕەکەش، بەڵگەی ئەوەیە تورکیا زۆر لەسەر خۆ دەچێتە پێشەوە و توشی دژواری زۆربووە، وتی"هیوادارم شەڕەکە ناو هەرێم نەمێنێت، هیچ لایەنێک پێشێلی سیادەی هەرێم نەکات."

سەبارەت بە لەمپەرەکانی بەردەم تورکیا لەجوڵان بەرەو سنوری هەولێر، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت"هاتن بۆ هەولێر سودی بۆ تورک نیە، چونکە پەکەکە نیە لەهەولێر، هاتنیان بۆ هەولێر واتایەکی قوڵتری هەیە، ئەمە بەهیچ شێوەیەک نە لەناوچەکە و نە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەبوڵ ناکرێت، ڕایەکی بەهێز دژی تورکیا دروست دەکات."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، باسی لە کێشمەکێشی نێوان لایەنە عێراقیەکان کرد، بەهۆی نزیکی هەڵبژاردن و هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی پێگەیان، ئەمەش دۆخێکی ناجێگیری لە عێراق هێناوەتە ئاراوە.

سەبارەت بە شکستهێنانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەئەنجامدانی گۆڕانکاری لەعێراق، ئەسەسەرد وتی"کازمی لەسەرەتاوە جێی ئومێد نەبوو، چونکە حیزب و هاوپەیمانێتی لەپشتەوە نەبوو، دەوڵەتێکی دیاریکراویش پشتگیری نەکرد، خۆشی کەسێکی زۆر ناسراو نەبوو لەعێراق، بۆیە گۆڕانکاری بەکەسی بێ پشت ناکرێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد باسی لە پۆستی سەرۆک کۆمار کرد، ئاماژەی بەوەکرد حیزبەکەی هەوڵی بەدەست هێنانەوەی ئەو پۆستە دەدات، بەتایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆک پەرلەمان بۆ سونە و سەرۆک وەزیران بۆ شیعە لەعێراق دا بووەتە عورف، دەستکاریکردنی ئەم سێ کوچکە بۆ عێراق باش نیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:29 0:00


XS
SM
MD
LG