Accessibility links

شازادە حەمزە دادگایی ناکرێت لەسەر پیلانی کودەتاکە


.
.

دووان لەو کاربەدەستانەی گوناهبارکراون بە یارمەتیدانی شازادە حەمزە لە شانشینی ئوردون لە پیلانی کودەتاکردن بەسەر زڕبراکەیدا شا عەبدوڵای دووهەم، لە دادگادا دەڵێن بێتاوانن.

باسم عەوەزەڵا، سەرۆکی پێشووی دادگای پادشایەتی "کە خاوەنی ڕەگەزنامەی عەرەبستانی سعودیەشە" هەروەها شەریف حەسەن بن زاید، نێردراوی پێشووی تایبەتی ئوردون بۆ ڕیاز، بە تاوانی هەوڵدان بۆ "تێکدانی ئاسایشی شانشینی ئوردون" گوناهبار کراون، بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا.

کاربەدەستێک دەڵێت "پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئەمڕۆ دووشەممە لە پشت دەرگای داخراوەوە بووە لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت و سبەی سێشەممەش بەردەوام دەبێت."

بەپێی تەلەفزیۆنی شانشینی ئوردون، پاش ئەوەی گوناهبارکردنەکان خوێندراونەتەوە دادگا گوێی لە قسەی 2 گەواهدەر گرتووە لەسەرجەمشەش گەواهدەر کە چواریان لە بواری لەشکریدان و دووانیشیان سیڤیلن.

لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا، ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە و عەوزەڵا دەردەکەوێت کاتێک دەگاتە دادگا و جلوبەرگی شینی زیندانییەکانی لەبەردایە و دەمامکیشی کردووە و دەستی لە پشتەوە کەلەپچە کراوە و ئەفسەرێکی هێزی دژە تێرۆر چاودێری دەکات.

شازادە حەمزە، کە پێشتر بە هەوڵدان بۆ کودەتاکردن و ڕوخاندنی پادشا و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی یارمەتی لە عەرەبستانی سعودیەوە گوناهبار کرابوو، دادگایی ناکرێت.

دەسەڵاتداران لە ڕۆژی 4ی مانگی 4دا دەستگیرکردنی 18 کەسیان ڕاگەیاند و دەگوترا دەستیان هەبووە لە پیلانی "بنکۆڵکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ئوردوندا" دواتر 16 کەسیان ئازادکران، پاش ئەوەی ژمارەیەک لە کەسایەتییە باڵاکان و سەرۆکی تیرە و عەشرەتەکان داوایان لە شا عەبدوڵا کرد تا بیانبەخشێت.

عەوەزەڵا و بن زاید، دەشێت سزای 20 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا بدرێت ئەگەر تاوانەکانیان بەسەردا ساغ بووەوە.

شا عەبدوڵا لە ساڵی 1999دا لەسەر داوای شا حوسەینی باوکی، شازادە حەمزەی بە جێگرەوەی خۆی دانا، بەڵام دواتر حەمزە لەپەراوێز نرا لە پێناو حوسەین کوڕە گەورەکەی شا عەبدوڵا.

XS
SM
MD
LG