Accessibility links

لیبیا لەبەردەم مەترسی چەکدارە بیانییەکاندا


وێنەی کۆنفرانسە نێونەتەوەییەکەی لیبیا لە بەرلین کە لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا کرا- ئەرشیف
وێنەی کۆنفرانسە نێونەتەوەییەکەی لیبیا لە بەرلین کە لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا کرا- ئەرشیف

ئەڵمانیا هەوڵ دەدات ناوبژیکارێکی ئاشتی هەمیشەیی بێت لە لیبیادا و بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی چوارشەممە زلهێزەکانی جیهان لە بەرلین کۆدەکاتەوە تا پەیمانێکی یەکلاکەرەوەیان لێوەربگرێت بۆ کشاندنەوەی چەکدارە بیانییەکان وهەوروەهاش تا ئەو وڵاتەی باکوری ئافریکا لەسەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆی بهێڵدرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 24ی مانگی 12.

هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە 10 ساڵی توندوتیژی لە لیبیادا، حکومەتی قۆناغی گواستنەوەی لیبیا و هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەگەیەنێتە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لەم کۆبوونەوە ڕوو بە ڕووەدا کە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت.

هەر چەند ڕۆژێک بەر لەم کۆنفرانسە، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ نەجلاء مەنقوش، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی لیبیا، بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە وابەستەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ زیاترکردنی بوارە دیپلۆماتییەکان بۆ بەرزڕاگرتنی هەوڵە نێونەتەوەییەکانی پشتیوانی لە بەرەوپێشچوونی لیبیا دەکەن.

هاوشێوەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بلینکن و مەنقوش گەڕانەوە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا کرا لە پایتەختی ئەڵمانیا کە پەیمانی تیادا درا بەڵام ئەو پەیمانانە بە تەواوەتی جێبەجێ نەکران.

سەرۆکەکانی ڕوسیا و تورکیا و فەڕەنسا، لەو کۆبوونەوەیەدا پەیمانیان دابوو بەوەی دەستێوەردانی بیانی لە لیبیادا ڕابگیرێت و میلیشیاکان و سەربازەکانیش بکشێنەوە.
لەوەتای ئەو وتووێژانەوە، لە مانگی 10ی ڕابردوودا، ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کرا و بووە مایەی پێکهێنانی حکومەتی قۆناغی گواستنەوە بە سەرۆکایەتی عەبدولحەمید ئەلدبیبە، سەرەک وەزیری لیبیا و هەروەهاش پێکهێنانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا، کە موحەمەد یونس ئەلمەنفی سەرۆکایەتی دەکات و ئەمانیش لای خۆیانەوە پەیمانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان داوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهیداوە سەبارەت بەوەی کێشە لەبەردەم یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی هەڵبژاردندا هەیە و بریتییە لە کشانەوەی تەواوی هێز و میلیشیا بیانییەکان لە لیبیادا.

XS
SM
MD
LG