Accessibility links

لاپید سەردانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکات


یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەردانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکات و ئەمەش یەکەمین سەردانی فەرمییە لەسەر ئاستی وەزارەت لەوەتای هەردوو وڵات ڕێککەوتون لەسەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئۆفیسی یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل.

ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین لە مانگی 9ی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی خۆیانیان ئاساییکردەوە و هەروەها دەوڵەتی جوو، هەر لە ساڵی پاردا بڕیاریدا لەگەڵ شانشینی مەغریب و سودانیشدا پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە "یائیر لاپید یەکەم سەردانی فەرمی و مێژوویی وەزیرێکی دەرەوەی ئیسرائیلە بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و لەلایەن شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی میرنشینەکانەوە میوانداری دەکرێت لەو سەردانە 2 ڕۆژیەدا کە ڕۆژانی 29 و 30ی ئەم مانگی شەشەیە."

لاپید، ئەندازیاری پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییەی حکومەتی ئیسرائیلە کە ڕۆژی 13ی مانگی 6 دەسەڵاتی گرتە دەست و کۆتایی بە حکومەتەکەی بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری پێشووی ئیسرائیل هێنا. نەتەنیاهۆ بۆ 12 ساڵ سەرەک وەزیری ئیسرائیل بوو و سەرۆکایەتی پەیماننامەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەکرد.

پێشتر ژمارەیەک لە وەزیرەکانی ئیسرائیل سەردانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیان کردووە، بەڵام لاپید باڵاترین کاربەدەستی ئیسرائیلە و یەکەم کاربەدەستی ئەم حکومەتە نوێیەشە بە فەرمی ئەم سەردانە بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلدا ئاماژەش بەوە کراوە "پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، پەیوەندی گرنگن و بەری ئەم پەیوەندیانە هەر تەنها بۆ هاوڵاتیانی ئەم دوو وڵاتە نییە، بەڵکو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە."

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هاوکاتی سەردانەکەی، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەبوزەبی دەکاتەوە و هەروەهاش کونسوڵخانەی گشتی ئیسرائیلیش دەکاتەوە لە دوبەی.

XS
SM
MD
LG