Accessibility links

ئیبراهیم ڕەئیسی: دانوستاندن لە پێناو دانوستاندندا ناکەین


ڕەئیسی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا
ڕەئیسی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران دەڵێت ڕێگە نادات "وتووێژە ناوکییەکان هەر تەنها لە پێناو دانوستاندن کردندا بێت."

ئەم لێدوانەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە میانەی یەکەم کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا بووە لەوەتای هەڵبژاردنەکەی هەفتەی ڕابردووەوە.

ڕەئیسی، تەمەن 60 ساڵ هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی سەرۆکایەتی ئێرانی بردەوە لە کاتێکدا زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی ئێران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا نەکرد، لە بەر دوو هۆکاری سەرەکی؛ یەکەمیان پاش ئەوەی زۆرێک لەو سیاسییانەی لە ئێراندا قورسایی خۆیانیان هەیە، ڕێگەیان پێنەدرا ببنە کاندید بۆ هەڵبژاردنەکە، دووهەمیش بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی لە ئێراندا هەیە لە ئاکامی سزاکانی ئەمەریکاوە.

ڕەئیسی، کۆنەپارێزێکی توندڕەوە و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانی دەکرد، جێی حەسەن ڕۆحانی دەگرێتەوە کە دەکرێت بگوترێت دەستکەوتە هەرە دیارەکەی ڕۆحانی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 بوو لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا.

سەرۆکی نوێی ئێران دەڵێت "هەر دانوستاندنێک ببێتە مایەی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی ئێران بەبێ هیچ گومانێک پشتیوانی لێدەکرێت، ئێمە ڕێگە نادین دانوستاندن هەر لە پێناو دانوستاندن کردندا بێت."
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەشیدا ئاماژەشی بەوەکردووە کە هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئێران دوابەدوای بەشدارییەکی زۆری دەنگدەران بووە.

ڕەئیسی، لەلایەن ئەمەریکاوە سزا دراوە لەسەر کۆمەڵکوژ کردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1988دا، پێشتر نکوڵی دەکرد لەوەی هیچ دەستێکی هەبووبێت لەو کۆمەڵکوژیەدا.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ڕەئیسی ئاماژەی بەوەکردوە وەک دەڵێت "هەمیشە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ کردووە."

سەرۆکی نوێی ئێران هاوکاتی گوناهبارکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەشڵێت "ئەوەی لە ماوەی چەندان ساڵی کارکردنیدا کردوویەتی هەمیشە بە ئاڕاستەی داکۆکیکردن بووە لە مافەکانی مرۆڤ."

ڕەئیسی دەڵێت هیچ خواست و بەرنامەیەکیشی نییە لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدندا کۆببێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی دەزگایەکی میدیای ئەمەریکاییدا سەبارەت بەوەی لە ئایندەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە یان نا ئەگەر بێتوو وتووێژەکان بوونە مایەی هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران و هەروەهاش هەوڵدان بۆ چاکردنەوەی دۆسێکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دوژمنە لە مێژینەیەی یەکتر، ئیبراهیم ڕەئیسی، هەر تەنها بە "نا" وەڵامی دایەوە.

ڕەئیسی دەڵێت حکومەتەکەی کراوە دەبێت بۆ هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا، دوژمنە ناوچەییەکەی ئێران و دەشڵێت "هیچ تەگەرە و گرفتێک نییە لەلای ئێرانەوە بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و هیچ تەگەرەیەکیش نییە بۆ هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا."

ئەم لێدوانەی ئیبراهیم ڕەئیسی هاوکاتە لەگەڵ ئەو وتووێژانەی دەکرێن تا ئەم دوو وڵاتە ڕکابەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێک نزیک بکرێنەوە کە لە ساڵی 2016وە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان نەماوە.

XS
SM
MD
LG