Accessibility links

سەرکردەی لەشکریی میانمار دەگاتە مۆسکۆ


مین ئاونگ

سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار گەیشتۆتە مۆسکۆ بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی ئاسایشیدا.

ئەم سەردانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی مین ئاونگ، بۆ مۆسکۆ، دووهەم سەردانی زانراویەتی بۆ وڵاتێکی دەرەوە لەوەتای لە ڕێی کودەتاکەی مانگی 2ی ڕابردووەوە دەستی گرت بەوسەر دەسەڵاتدا لە میانمار.

میانمار لە گێرەشێوێنییەکی زۆردایە پاش ئەوەی ئاونگ سان سوچی، ڕێبەری سیڤیلی ئەو وڵاتە و حکومەتەکەی کۆمکاری دیموکراسی لە کار لادران.

باڵیۆزی ڕوسیا بۆ میانمار لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ پێشوازی لەو سەرکردە لەشکرییەی میانمار دەکات.
ڕاگەیەندراوەکانی میانمار وردەکاری زیاتریان باس نەکردووە سەبارەت بەوەی ئەم سەردانە چەندێک دەخایەنێت.
ڕوسیا هاوپەیمانێکی سەرەکی میانمارە و چەکیش بۆ لەشکری ئەو وڵاتە دابین دەکات.

باڵیۆزخانەی میانمار لە ڕوسیا، پاش گەیشتنی مین ئاونگ بۆ مۆسکۆ، ئەجا هەواڵەکەی پشتڕاست کردۆتەوە.

سەرکوتکردنە دڕندانەکانی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار دژ بە خۆپیشاندرانی وڵاتەکە بۆتە مایەی کوژرانی بەلایکەم 870 کەس، وەک لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی چاودێریدا لە میانمار ئاماژەی پێکراوە.

هەندێک لە میدیا خۆجێیەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە مانگی 5ی ڕابردوودا، سەرکردەی هێزی ئاسمانی میانمار بەشداری لە پێشانگایەکی لەشکریدا کردووە بۆ هەلیکۆپتەری جەنگی لە مۆسکۆ.

ئەم سەردانەی سەرکردەی لەشکریی میانمار بۆ مۆسکۆ، دوابەدوای هەنگاوێکی بێپێشینەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە تا ڕێگە بگرن لە گەیاندنی چەک بۆ میانمار.

ڕوسیا دەنگی خۆی نەداوە بەو بڕیارە.

ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە نەگەیشتۆتە ئاستی سەپاندنی گەمارۆی چەک بەسەر میانماردا، بەڵام داواش دەکات لەشکری ئەو وڵاتە دەستبەجێ توندوتیژییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران ڕابگرێت.

فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG