Accessibility links

سەرەک وەزیری ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران ئاگاهی بە زلهێزەکانی جیهان دەدات


سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەستپێکی یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی بە ناڕەزایی دەربڕین بووە لە هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی نوێی ئێران.

نافتاڵی بێنێت، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی ئێران نیشانەیەکە بۆ زلهێزەکانی جیهان تا "بێدار ببنەوە" بەرلەوەی بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا.

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی کۆنەپارێزی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی سەرۆکایەتی ئێراندا لە سەدا 62ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنێکدا کە کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنی تیادا هەبووە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئێراندا.

ئەمەریکا پێشتر سزای سەپاندۆتە سەر ڕەئیسی بەهۆی دەستهەبوونی لە کوشتنی هەزاران زیندانی سیاسی لە ساڵی 1988داهاوکاتی کۆتاییهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق ئێران.

سەرەک وەزیری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا لە ئۆرشەلیم، دەڵێت "لەناو ئەو هەموو کەسانەی خامنەئی دەیتوانی هەڵیانبژێرێت، جەلادەکەی لە تاران هەڵبژارد، کە کەسێکی بەدناوە لەناو ئێرانییەکان و لە جیهانیشدا بەهۆی ئەوەی ڕەئیسی سەرکردەی لیژنەکانی مەرگ بووە بۆ کوشتنی هەزاران هاوڵاتیانی بێتاوانی ئێرانی لە چەندان ساڵی ڕابردووەوە."

ئێران و زلهێزەکانی جیهان ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڤیەننا دەستیان کردۆتەوە بە وتووێژی ناڕاستەوخۆ بە مەبەستی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەیە لەوەتای ڕەئیسی هەڵبژێردراوە وەک سەرۆکی ئێران.

سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت هەڵبژاردنی ڕەئیسی بۆ پۆستی سەرۆکی ئێران "دوا دەرفەتە لەبەردەم زلهێزەکانی جیهاندا بۆ بێداربوونەوەیان و هەروەهاش بۆ تێگەیشتنیان لەوەی کار لەگەڵ کێدا دەکەن."
نافتاڵی بێنێت دەڵێت "ئەوانە بکوژن و کۆمەڵکوژن، ڕژێمێکی دڕندەیە و هەرگیز نابێت ڕێگەی پێبدرێت چەکی کۆمەڵکوژی هەبێت، ئەگەر ئەم ڕژێمە ببێتە خاوەنی ئەو جۆرە چەکانە، ئەوا بە ملیۆنان خەڵک دەکوژێت."

ئیسرائیل هەر لەسەرەتاوە دژی ئەوەبووە کۆماری ئیسلامی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی. تاران پێدادەگرێت لەوەی بەرنامە ناوکییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە.

ئەسیۆسێتد پرێس

XS
SM
MD
LG