Accessibility links

کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکەی سەرۆکایەتی ئێران دان بە شکستی بەرامبەر ڕەئیسی دەنێت


کاندیدی ڕیفۆرمخوازی سەرۆکایەتی ئێران دانی بە شکستی خۆی ناوە بەرامبەر بە ئیبراهیمی ڕەئیسی کۆنەپارێزی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری.

بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان عەبدولناسر هیمەتی بەرێوەبەری پێشووی بانکی ناوەندی لە نامەیەکدا بۆ ڕەئیسی نوسیوە " هیوادارم حکومەتەکەت، لە ژێر ڕێبەرایەتی ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەکەمان بهێنێت."

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دواخستنی 8 کاتژمێر، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕۆژی هەینی 18ی مانگی 6ی ڕاگەیاند. بەپێی ئەو ئەنجامانەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاندووە، هەتا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە %90یان ژمێردراون. بەو پێیە ئیبراهیم ڕەئیسی17 ملیۆن، موحسین ڕەزایی 3 ملیۆن، عەبدولناسر هیمەتی 2ملیۆن و چوارسەد هەزار و ئەمیر حوسێن قازیزادە هاشمی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.

هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینی ئێران بە بەشدای کەم و نەبوونی کاندیدێکی بەهێز لە بەرامبەر ڕەئیسی دادەنرێت.

کاربەدەستان کاتی هەڵبژاردنیان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پاش نیوەشەو درێژکردەوە بەو هیوایەی کە خەڵکێکی زۆر بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

پێشتر ئاژانسی فارسی نیمچە فەرمی ئێران ڕایگەیاند %37ی ئەو 59 ملیۆن کەسەی مافی دەنگدانیان هەبوو هەتا کاتژمێر 7:30 ی ئێوارە بە کاتی خۆجێهی دەنگیان دابوو. بەڵام ئەم ئامارە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکەی دەکرد.

شارەزایان دەڵێن زۆربەی خەڵکی ئێران ناڕەزاییەکی زۆریان هەیە بەرامبەر خراپبەڕێوەبردنی ئابورییان، کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە زیانێکی زۆری لێکەتووە، و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و گەندەڵی کاربەدەستان.

XS
SM
MD
LG