تالیبان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ڕێبەرەکانی لە پێشترەوە هەڵوێستی خۆیان دژ بە مانەوەی هەر هێزێکی بیانی لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان بە تورکیا ڕاگەیاندووە.
بەیاننامەکەی ئەو گروپە یاخیبووە ڕۆژێک پاش ئەوەیە کە کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند سەرۆک جۆو بایدن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەیاندا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ، کە بڕیارە لە 11 ی سپتەمبەر بکشێنەوە، تورکیا ئەرکی ئەمنی فڕۆکەخانەی نێودوڵەتی کابوڵی پایتەختی ئەفغانتان بگرێتە ئەستۆ.
جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسیشی نیشتمانی بایدن ڕۆژی پێنجشەممە بە پەیامنێرانی گوت " پابەندییەکی ڕوون لەلایەن سەرکردەکانەوە هەبوو کە تورکیا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە دابین کردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایی، و ئێمە ئێستا کاردەکەین بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەنجامدانی ئەو کارە."
گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهید لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە لێدوانەکەی سولیڤان گوتی پاراستنی فڕۆکەخانەکان و شوێنەکانی تری وڵاتەکە ئەرکی ئەفغانییەکانە.
موجاهید گوتیشی " ئەگەر هێزە بیانییەکان بیانەوێت لێرە بە ناوی ئاسایشی فڕۆکەخانەوە هێزی سەربازییان لێرە بهێڵنەوە، ئەفغانییەکان ڕێگە بەمە نادەن و وەک داگیرکەر سەیری دەکەن، جا تورکیا بێت یان هەر وڵاتێکی دیکە."
سوریش بوو لەسەر ئەوەی تالیبان پەیوەندی " دیپلۆماسی" لەگەڵ تورکیا دەهێڵێتەوە و هەوڵی پەیوەندییەکی برایانە لەگەڵ ئەو وڵاتە موسوڵمانە دەدات.
موجاهید گوتیشی " لە دیدار و گفتوگۆکانی ئەم دواییەدا لەگەڵ دیپلۆماتە تورکەکان، ئەوان بە ئێمەیان گوتووە [تورکیا] پێشنیاری بەردەوامی مانەوەی هێزەکانیان لێرە کردووە ، بەڵام ئێمە پێمان گوتن ئەوە بۆ ئێمە مایەی قبوڵکردن نییە. دڵنیایان کردوینەتەوە کە هەڵوێستی ئێمە دەگەیەندرێتە ڕێبەرانیان."
ئەو گوتەبێژەی تالیبان لە لیدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی گورکیا و ئەمەریکا بۆیان هەیە باس لە پەیوەندییە دوولایەنەکانیان بکەن، بەڵام تەنها ئەفغانییەکان خۆیان دەتوانن بڕیار لەسەر چۆنیەتی " کاروباری ناوخۆییان بدەن و چاوەڕوان دەکەن ئەوانی تریش ڕێز لە بڕیارەکانیان بگرن."
تورکیا نزیکەی 500 سەربازی لە ئەفغانستاندا هەیە وەک بەشێک لە ئەرکێکی سەربازی شەڕنەکری ناتۆ لەو وڵاتە و ماوەیەکی زۆرە ئاسایشی بۆ فڕۆکەخانەکە دابین کردووە .
ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ زۆر گرنگە بۆ دیپلۆماتەکانی لە ئەفغانستان کاردەکەن هاوکاتی نیگەرانییەکان لەمەڕ زیادبوونی دوژمنکاری لە نێوان هێزەکانی تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان کە دەشێت پاش کشانەوەی هێزە بیانییەکان وڵاتکە بەرەو خولێکی تری شەڕی ناوخۆ ببات.
تالیبان پێشتر دژایەتی خۆی بۆ هەر ئامادەبوونێکی سەربازی بیانی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان دەربڕیوە . بەڵام سولیڤان ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە و گوتی بایدن و ئەردۆغان تیمەکانیان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ تەواوکردنی پێشنیازی پلانێکی ئاسایشی.
ئوسترالیا کە نزیکەی 80 سەربازی لە ئەفغانستان ماوە لە سەرەتای ئەم مانگە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ڕایگەیاند باڵیۆزخانەکەی لە کابول دادەخات.
بە پێی ڕێککەوتنەکەی مانگی 2 ی 2020ی نێوان تالیبان و بەرێوەبەرایەتی ترامپ 1 ی پێنجی 2021دیاری کرابوو بۆ کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان و کۆتایی هێنان بە شەڕی 20 ساڵەی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا. بەڵام پاشان سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی 11 سپتەمبەری بۆ کشانەوەی هێزەکان دیاری کرد.
تالیبان دەڵێت بەرنامەکانی تورکیا بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی کابول دەچێتە خانەی سەرپێچیکردن لە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تالیبان. هەرچەندە وتووێژەکانی ئاشتی لە نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تالبیان کە لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە دروست بوون، پێشکەوتنێکی کەمیان بەدەستهێناوە و زۆربەی کاتەکان ڕاگیراون و هەرلایەن و ئەوەی تر تاوانبار دەکات بۆ چەقبەستنی وتووێژەکان.
ڕۆژی هەینی ڕوسیاش پشتیوانی لە هەڵسەنگاندنەکەی تالیبان کرد. میدیای ڕوسیا لە زاری شاندی سەرۆکایەتی مۆسکۆ بۆ ئەفغانستان، زامیر کابولۆڤ،وە ڕایگەیاند پێشنیازەکەی تورکیا دژی ڕێککەوتنەکەی تالیبان و ئەمەریکایە. کابولۆڤ دەڵێت " بێگومان ئەمە سەرپێچییە."
هەروەها تاڵیبان هێرشەکانی زیاتر کردووە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ناوچەی زیاتیری کۆنترۆڵ کردووە. لەو کاتەوەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان دەستیپێکردووە، دەستی بەسەر نزیکەی 24ناوچەدا بە تەواوەتی یان بەشێکی گرتووە.
کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاریان نیوزی ئەفغانی لە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لە مانگی ڕابردووەوە هەتا ئێستا ئەو ئەو گروپە یاخیبووە دەستیبەسەر 37 ناوچەدا گرتووە.
هێزەکانی ئەفغانستان بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچانە، هێرشێکی بەرپەرچدانەوەیان دەستپێکرد، لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا کوژران. وەزارەتی بەرگری دەڵێت هێزەکانی ئەفغانستان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 300 سەرهەڵداویان لە سەرانسەری پارێزگا جیاوازەکاندا کوشتوە .
تالیبانیش ئیدیعای هاوشێوە دەکەن و باس لە زیانی زۆری هێزەکانی حکومەت دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیمەنی ئەو ئەفغانیانە نیشان دەدەن کە چەکەکانیان دادەنێن و دەچنە نێو گروپەکەوە.
هەردوولایەنی ئەفغانی نەیاری یەکتر زۆر ئیدیعای لەوجۆرە دەکەن بەڵام پشتڕستکردنەوەی لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆوە ئاسان نییە بۆیە ڕەوشەکە ناڕوونە.
ئەمەش لە کاتێکدایە خەڵکی ئاسایی سڤیل باجی ئەو شەڕە درێژخایانە دەدەن.