Accessibility links

گوتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئەمەریکا: لە گفتوگۆکانی ڤیەنادا پێشکەوتن هەبووە بەڵام کێشەی زۆریش ماون چارەسەربکرێن


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی پێنجشەممە باسی لە پێشوەچوونەکانی گفتوگۆکانی ڤیەنا کرد کە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران بەڕێوە دەچن.

نێد پرایس بە پەیامنێرانی گوت لەو گفتوگۆیانەدا پێشکەوتنمان هەبووە بەڵام هێشتا کێشەش ماوەن کە لەسەری ڕێنەکەوتووین.

نید پرایس لە وەڵامی پرسیاری پیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز سەربارەت بە قسەکانی عەباس عەراقچی، سەرۆکی شاندی ئێرانی بۆ گفتوگۆکانی ڤیەنا کە ڕاگەیاندبوو لە گفتوگۆکاندا پێشکەوتوون و لە ڕێککەوتنەکەش نزیک بوونەتەوە، گوتی " بە درێژایی ئەم شەش خولی گفتوگۆیانەدا کە تاکوو ئێستا دەکاتە دوو مانگە، توانیومانە پێشکەوتن بەدەست بهێنین." هەروەها گوتیشی "ئەم گفتوگۆیانە کاریگەر و باش بوون، وەک گفتوگۆ لە بواری بازرگاندا کە ڕێگەخۆشکەربوون بۆ باسە سەرەکی و مشومڕلەسەرکانی کە لە ئێستادا خەریکی گفتوگۆکردنین لەبارەیانەوە و شتەکان لە ڕاستدا دوولایەنەیە."

پرایس گوتیشی "بەڵام هەنگاوی سەرەکی و ژمارەیەک هەنگاوی ئەرینی ئێرانە لەبارەی چالاکییە ناوەکییەکانییەوە کە دەبێت بڕیاری لەسەربدات بۆ ئەوەی جارێکی تر پابەندبێت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015وە."

بەڕێز پرایس جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە و گوتی "وەک لە شاندەکەمان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان بیستووتانە، پێشکەوتنمان هەبووە، بەڵام کار لەسەر ئەو کێشانەش دەکەین کە هێشتا ماون و تەنها دەبێت بڵێم ئێمە بۆ خولی شەشهەمی دانوستاندنەکان لەڕووی کاتەوە سنووری بۆ دیاری ناکەین."

خولی شەشهەمی وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ڤیەنا ڕۆژی شەممە 13 ی ئەم مانگە دووبارە لە پایتەختی نەمسا دەستیپێکردوە و لە ڕۆژی دووشەممە 15 ی ئەم مانگەشدا سەرۆکی شاندەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ڕوسیا، چین و ئەڵمانیا لەگەڵ ئەمەریکا و بە بێ ئێران کۆبوونەوە.

XS
SM
MD
LG