Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی ئێران و کەمایەتییە ئایینی و نژادەکان


سیازدەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەکاتێکدا لە ئێران بەڕێوەدەچێت کە بەپێی قسەی هەندێک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە لەم خولەدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە بە بەراوەرد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا.

چالاکوانانی مافی کەمینەکانیش بە ئاشکرا باس لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکەن لەم خۆلەدا.

ساڵح نیکبەخت
ساڵح نیکبەخت

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری ناسراو لە تارانی پایتەختی ئێران سەبارەت بە بەشداریکردن و نەکردنی کەمینەکانی ئێران لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " تاکو ئێستا کۆدەنگییەک لە نێوان کەمایەتییەکاندا نییە بۆ بایکوتکردنی هەڵبژاردن و لە ڕاستیدا خەڵک دابەشکراون بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا کە بەرەیەکیان بەشداری دەکات و بەرەکەی دیکەش بەشداری ناکات."

زیاتر لە چل ساڵ بەسەر یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا، زۆرێک لە کەمینەکانی ئێران لەوانە کورد، عەرەب و بەلوچ بە بەردەوامی لە مافە سەرەکییەکانیان بێ بەشکراون و سەرەڕای بانگەشە و بەڵێنەکانیسەرۆکەکانی پێشوو، بەڵام وەک دەڵێن هێشتا نەیانتوانیوە بگەن بە مافەکانیان.

لە هەڵبژرادنی خوڵی پێشوودا، سەرۆکی ئێستای ئێران حەسەن ڕۆحانی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، پەیماننامەیەکی 10 خاڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو مافانەی لە دەستوری وڵاتەکەدا هەن و پەراوێزخراون، دەیانخاتە بەرنامەی خۆیەوە و جێبەجێیان دەکات. تەنانەت بە دیاریکراوی باسی لەوە کردبوو کە پەروەردەی زمانی دایک یەکێک لەو کارانەیە کە دەیخاتە بەرنامەکانی خۆیەوە، بەڵام ناوبراو لەم دواییانەدا نکوڵی لە بەڵێنەکەی خۆی کرد و تەنانەت ڕایشیگەیاند کە پەروەدەی زمانی دایکی خواستی دوژمنانی شوناسی نیشتمانی و زمانی فارسییە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە شیوەیەکی تایبەت بایەخی زیاتر بە زمانی فارسی بدرێت وەک زمانی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.

بەڕێز نیکبەخت هەروەها سەبارەت بە دەستکەوت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمریکای گوت "پێم وانییە ئەم هەڵبژاردنەش وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو هیچ دەستکەوتێکی بۆ کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان هەبێت و وابکات دۆخیان باشتر بێت، بەتایبەت بۆ کوردەکان."

ناوبراو گوتیشی "سەرۆک کۆمار لە ئێران ناتوانێت دۆخی کەمایەتییەکان باش بکات، چوونکە خۆی لە ڕاستیدا هیچ دەسەڵاتێکی نییە و بڕیاردەری سەرەکی مەلایانی ئایینی و دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانن و تەنها لە خولی سەرۆکایەتی محەمەد خاتمیدا رەفتار و هەڵسوکەتێکی باش کراوە لەگەڵ کەمایەتییەکاندا، ئەگینا سەرۆک کۆمارەکانی دیکە تەنانەت نەیانتوانیوە ئەو مافانەی کە لەدەستوری خودی ئێرانیشدا بۆ کەمایەتییەکان دابینکراون، جێبەجێی بکەن."

لە ساڵانی ڕابردوودا کوشتنی کوڵبرانی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و هەروەها لەسێدارەدان و دستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی کورد، مشتومڕ و بابەتێکی گرنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بوون. هەروەها هەمیشەش باس کۆت و بەندی ئازادییە ئایینییەکان لە ئێراندا کراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی ئازادی ئایینی لە جیهاندا، بە دیاریکراوی ئاماژەی بە پێشێلکاریی مافی کەمایەتییە ئایینیەکان لە ئێراندا کرد، لە ناویاندا یارسانەکان.

سیاوش حەیاتی
سیاوش حەیاتی

سیاوەش حەیاتی، ئەندام و وتەبێژی "کۆمەڵەی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی یارسان" لە کرماشانەوە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە پێکهاتەی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێراندا، مافی یەکسان بۆ کەمایەتییە ئایینییەکان، بەتایبەت کەمایەتی یارسان، دابین نەکراوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە ماوەی چل و دوو ساڵی ڕابردوودا ئێمە وەک کەمایەتی یارسان دەنگ بدەین بە کەسێک کە نوێنەری ئێمە نەبووە، بەڵام لەسەر بەڵێنی کاندیدەکان و بۆ باشتر بوونی ڕەوشی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان دەنگمان پێداون، بەڵام بەداخەوە هیچکام لە سەرۆک کۆمارەکان نەیانتوانیوە بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، دواهەمینیان حەسەن ڕۆحانی بوو کە لەهەڵمەتەکانی هەڵبژرادنیدا لە پەیماننامەیەکی 10خاڵیدا بەڵێنیدا دۆخی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان باشتر بکات کە بەداخەوە بەڵێنەکەی نەبردەسەر."

بەڕێز حەیاتی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی یارسانەکان لە هەڵبژرادندا گوتیشی " یارسانەکان وەک کەمایەتییەکانی دیکە کۆدەنگنین لەسەر بایکوت یان بەشداری، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵەی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی یارسان و بەشێک لە یارسانەکان بەو هۆیەوە کە چیتر هیوایەکمان نەماوە بەوەی چاکسازی بکرێت و ڕەوشی ژیانمان باشتر بێت، هەر بۆیەش لەبەیاننامەیەکدا ڕامانگەیاندووە کە بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و پشتگیری لە هیچ کاندیدێک ناکەین، چوونکە باوەڕمان وایە کە دەبێت پێکهاتەی دەستوری ئێران لە بنەڕەتدا بگۆڕدرێت تاکو مافی ئێمەش دابین بکرێت."

هەروەها حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم خولەیان بە شێوەیەکی توند بایکوت کردووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە بریتیەلە پێنج حیزبی کوردستانی ئێران لە دوو بەیاننامەدا داوا لە کوردەکانی ئێران دەکەن کە بەشداری هەڵبژاردن نەکەن.

ڕاگەیەندراوی ژمارەی ٢ی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە سەرتای ئەم مانگەدا بڵاوکرایەوە دەڵێت "ئەوەی کە چاوەڕوانیی ئێمەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری نەکردنیان لەلایەک، و هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوە و بەشداری نەکردنی خەڵکی دەوروبەری خۆشیان لەلایەکی ترەوە، سندووقەکانی دەنگدان لە کوردستان چۆڵ بێت و بەناو هەڵبژاردنی ئەم جارە بکەن بە ڕێفراندۆمی "نا" بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەنگی ناڕەزایەتیی ئەمجارەی ئێمەی کورد دەبێ لە هەمیشە بەرزتر و ورەی بەرەنگاریمان لە هەمیشە قایمتر بێت و بۆ چەندەمین جار بیسەلمێنین کە کوردستان قەڵای خۆڕاگری و پێشڕەوی شۆڕشگێڕییە لە ئاستی هەموو ئێراندا."

بە وتەی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی خەڵکی بەلوچ، ساڵانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئێران، دەیان گەنجی بەلوچ دەکوژرێن یان بریندار دەبن و ژیانی بەلوچەکان لە ڕەوشێکی خراپدایە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش لەبارەی بەشداری کردن یان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەوە کۆدەنگییەک لە نێوان بەلوچەکاندا نییە.

حەبیب سەربازی
حەبیب سەربازی

حەبیبوڵا سەربازی، چالاکوانی سیاسی بەلوچ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی "دۆخی کەمینەکان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی سەرۆکایەتیدا بەرەو باشتر بوون ناڕوات و خەڵکی بەلوچستان دەبینن کە دۆخەکە بەرەو خراپتر بوون دەچێت."

هاوکاتیش ئەنجومەنی سوننەکانی ئێران و فراکسیۆنی سوننەکانی مەجلیس لە 13 ی ئەم مانگەدا پشتگیری خۆیان بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی ڕاگەیاند.

زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە کە ڕاگەیاندنی پشتگیری مەولەوی عەبدولحەمید، بەرنوێژێکەری سوننەی زاهیدان وەک دیاریترین پیاوی ئایینی سوننە لە ڕەئیسی بەهۆی بێهیوابوونی سوننەکانە لە ڕێفۆرمخوازان، چوونکە دەوترێت کە پێشتر ئەم کەسایەتییە ئایینییە گوتویەتی گەر ڕۆحانی بەڵێنەکانی بۆ باشتر بوونی دۆخی سوننەکان نەباتە سەر ئەوا ئەو لە خولی داهاتوودا پشتگیری لە کاندیدێکی کۆنەپارێزەکان دەکات.

هەروەها لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوودا، هاوڵاتیانی ئێرانی کە ئایینەکەیان جگە لە ئایینی فەرمی و پەسەندکراوی کۆماری ئیسلامییە، هەمیشە ڕووبەڕووی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بوونەتەوە، لە ناویاندا هاوڵاتیانی بەهائی و ئەو کەسانەی کە ئایینی خۆیان گۆڕیوە بۆ کرستیان.

ماری محەمەدی، چالاکی مافی مرۆڤ و یەکێک لەو کەسانەی کە باوەڕی هێناوە بە ئایینی کرستیان بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکای گوت ئامانجی سەرەکی ئەو سیاسەتەی کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پەیڕەوی دەکات "نەهێشتنی کەمینە ئایینییەکان" بووە و ئەوەی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا گۆڕاوە تەنها شێواز و تاکتیکەکانی سڕینەوەی کەمینە ئایینییەکانە.

ناوبراو گوتیشی بە گشتی کەمایەتییە فەرمی و نافەرمییەکانی ئایینی هیچ شانس و دەرفەتێکیان بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لە ئاستی جۆراوجۆری سیاسی ، ئابووری ، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا بۆ ناڕەخسێت و لەو بڕوایەشدایە کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی هەمان ئەو کەسانەن کە لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشدا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا گێڕاوە .

کۆمەڵگەی بەهائیەکانیش وەک هەواڵەکان و چالاکی مەدەنی و ئایینیی خودی ئەم کەمایەتییە باسی لێوە دەکەن، کۆماری ئیسلامی ئێران لە بنەڕەتدا بەهائییەکان ڕەتدەکاتەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین جار بەهائیەکانیان بە "سیخوڕ و دوژمن" ناوبردووە و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا خەڵکانی ئەم کەمایەتییە ئایینییە ڕووبەڕووی سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردن و جۆرەکانی دیکەی سزا بوونەتەوە.

شایانی باسە هەڵبژاردنەکانی ئێران لە کاتێکدا بەڕیوەدەچێت کە زۆربەی چاودێران سیاسی و چالاکوانان پێیان وایە کە توخمە سەرەکییەکانی دیموکراسی تیایدا بەدی ناکرێت.

جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە دواهەمین تویتی خۆیدا سەبارەت بە دیموکراسی دەڵێت " دیموکراسی کاتێک گەشە دەکات کە ژێرخانی دیموکراسی بەهێز بێت، کاتێک خەڵک بە شێوەیەکی ئازادانە، دادپەروەرانە و گونجاو مافی دەنگدانیان هەیە و کاتێک کە ڕۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ بەدوای ڕاستییەکاندان و کاتێک یاسا بە یەکسانی بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ دەکرێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کەسەکان کێن و لە کوێوە هاتوون."

بڕیار وایە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە 18ی مانگی شەشدا بەرێوەبچێت و جێگرەوەی حەسەن رۆحانی، کە ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماری بوو، دیاری بکرێت.

XS
SM
MD
LG