Accessibility links

جیهان چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبونەوەی نێوان بایدن و پوتن دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن دەستیان بە کۆبونەوە چاوەڕوان کراوەکەیان کرد . کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە یەکەم کۆبونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکە لەوکاتەوەی سەرۆک بایدن دەستبەکار بووە. ئەم کۆبونەوەیەی کە لە ژنێڤی سویسرا ئەنجام دەدرێت لە کاتێکدایە کۆمەڵێک گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. پێشتر سەرۆک بایدن ئاماژەی بەوە کردبوو لەم کۆبونەوەیەدا هێڵە سورەکان بۆ سەرۆکی ڕوسیا دەستنیشان دەکات.

لە دەمی دەستپێکردنی کۆبونەوەکە کە ڕاگەیاندنەکان لەوی ئامادە بوون هەردوو سەرۆک بە کورتی سوپای یەکتریان کرد.

پوتن بە ڕیگای وەرگێڕێک گوتی " جەنابی سەرۆک دەمەوێت سوپاست بکەم بۆ دەستپێشخەریت بۆ ئەم کۆبونەوەیەی ئەمڕۆ. دەزانم گەشتێکی دوورودرێژت کردووە." ئەو گوتیشی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا زۆر بابەتی کەڵەکەبووی هەیە کە پێویستی بە کۆبوونەوەی ئاست بەرزە . هیوادارم کۆبوونەوەکەمان بەبەرهەمبێت."

سەرۆک بایدنیش بە میهرەبانانە وەڵامی دایەوە گوتی " سوپاس، هەروەکو لە دەرەوەش گوتم هەمیشە باشترە ڕووبەڕوو کۆبونەوە بکرێت."

هەردوو سەۆرک ئاماژەیان بەوە کردووە هیوادارن وتووێژەکەیان ببێتە هۆی پەیوەندییەکی سەقامگیرتر، هەرچەندە ئەوان لە سەر کۆمەڵێک بابەت جیاوازی توندیان هەیە لەوانەشدا دەستێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، دەستێوەردانی ڕوسیا لە کاروباری ئۆکرانیا، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لە ڕوسیا و بابەتی هێرشی ئەلیکترۆنی و چەندین بابەتی تریش.

کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکا لە کاتی گەشتەکەی بایدن بۆ سویسرا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە چاوەڕوانی ئەوە ناکەین ئەنجامێکی ئەوتۆ لەم کۆبونەوەیە هەبێت."

لە ئێستادا هەردوو سەرۆک لە کۆبونەوەدان و هێشتا ئەنجامی کۆبونەوەکە ڕانەگەیەندراوە.

باری ئاسایشی شاری ژنێڤ زۆر توند کراوە بە هەزاران لە هێزەکانی ئاسیش لە شارەکەدا بڵاو کراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG