Accessibility links

وەیسی سەعید وەیسی: ئەگەر ئەو چاکسازیانە نەبوونایە ئەستەمبوو حکومەت بتوانێت هەر 30 ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەران بدات


سەید وەیسی

بە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان لە ئاست و ڕێگەی جۆراوجۆراوە لەمەڕ پرسی گەندەڵی و بەهەدەردانی موڵک و سامانی گشتی لەهەرێمی کوردستاندا دەخرێنەڕوو و ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانی عێراقیش ئاشکرایدەکات کە خەڵکێک ڕووبەڕووی دادگا کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە بۆیە پاڵپشت و پشتگیری ئەو هەنگاوانە دەبین کە ئەو دامەزراوانە دەگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لەسەر ئەنجامدانی ئەم چاکسازیانەی کە حکومەت کردوویەتی دەبینین بۆ ماوەی چەند مانگێکە ئەگەر بە لێبڕینیشەوە بێت حکومەت توانیویەتی مووچەی فەرمانبەران لەکات و ساتی خۆیدا بدات بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو هەنگاوانەی چاکسازی و قۆناغانەیحکومەت نەبوونایە ئێستا ئەستەمبوو حکومەت بتوانێت بەم شێوەیە هەر 30 ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەران بدات و دەشڵێت" بۆ ئەوەی پەرلەمان و شەقام و ڕای گشتی و ڕاگەیەندکارانیش لەو هەنگاو و قۆناغانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداربن ئەو سیستەمەی کە هەر سێ مانگ جارێکە ڕاپۆرتی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکریت".

ناڕەزایەتی و ڕەخنەیەکی زۆر لەسەر ئەوە هەبوو کە خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەیە زیاتر لە یەک مووچە وەردەگرن ؟

لەو بارەیەوە ناوبراو ڕایدەگەیەنێت " گەندەڵی و کەموکورتی هەبووە و خەڵک زیاتر لە یەک مووچەی وەرگرتووە بۆیە بە پێی یاسای چاکسازی ژمارە 2 هیچ فەرمانبەرێک یاخود هیچ هاوڵاتیەک ناتوانێت لە یەک جار زیاتر سودمەندبێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیە هەنگاوی باش هاوێژراون و سیستەمی بایۆمەتری جێبەجێکراوە و لە ماوەی ڕابردووشدا بە ڕەسمی لیژنەی باڵای بایۆمەتری ڕایگەیاند کە چەندین هەزار ناو هەبووە کە دووبارە و یاخود زیاتر لە یەک مووچە هەبووە بۆیە ئەو پرۆسەیە نەک تەنها لە مووچەی فەرمانبەران بەڵکو لە هەموو مووچەخۆران ئەوانەی کە بەهەر شێوازێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سودمەند دەبن پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت و دۆسیەکانیان هەڵدەدرێتەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەو سیستەمەی کە حکومەت گرتوویەتی بەر دەرئەنجامێکی باشی دەبێت و هاوڵاتیان لێی ئاگاداردەبن".

کێن ئەوانەی کە گەندەڵیان کردووە ؟ ئایا کەس دراوەتە دادگا ؟ بەربەستەکانی چین ؟

وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق زیاتر دەڵێت" شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارە و کۆمەڵێک ململانێی سیاسی هەبوون هەموو بوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەهەر جۆڕێک لە جۆرەکان گەندەڵی سەرهەڵبدات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت هەمیشە بەرەنگاری ئەو حاڵەتانە بووەتەوە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دوو دامەزراوەی هەرە کارامان هەیە هەم دەستەی دەستپاکی و هەمیش دیوانی چاودێری کە هەوڵیانداوە لە زۆر ڕووەوە بەرەنگاری ئەو حاڵەتانە ببنەوە بەڵام بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنها بە دامەزراوەیەک ناکرێت بەڵکو دەبێت لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان هاوکار و پشتیوانی ئەو دامەزراوانە بن بۆ ئەوەی بە هەموو شێوازێک ڕێگری لەو حاڵەتانە بکرێن، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ئەو دەزگایانە ئاراستەی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان دەکەن بە بەردەوامی ئەو حالەتانە هەیە و خەڵک ڕووبەڕووی دادگا کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە بۆیە پاڵپشت و پشتگیری ئەو هەنگاوانە دەبین کە ئەو دامەزراوانە دەگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:38 0:00


XS
SM
MD
LG