Accessibility links

پێنج کارمەندی کوتانی دژ بە ئیفلیجی منداڵان لە ئەفغانستان دەکوژرێن


کاربەدەستان لە ئەفغانستان ڕادەگەیەنن بەهۆی هێرشی چەکدارەکان بۆسەر کامەندانی کوتانی دژ بە ئیفلیجی منداڵان لە چەند هێرشی جیاجیا لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای نانگەرهار بەلایەنی کەم 5 کەس کوژراون و چەند کەسی تریش بریندار بوون.

ئەفغانستان و پاکستانی دراوسێی تەنها دوو وڵاتن لە ئێستادا کە هێشتا نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان (پۆلیۆ)ی تێدا ماوە.

دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند توندوتیژی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە چەند بەشێکی شاری جەلالئابادی پایتەختی پارێزگا کە وقەزای خۆگیانی، لە دووهەم ڕۆژی ئەو هەڵمەتە چوار ڕۆژییە بوو کە دەستی پێکردووە بۆ پێدانی قەترەی دژ بە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان بە منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ کەمتر.

جان محەمەد ، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی هەڵمەتی کوتانی پارێزگاکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەوان هەڵمەتەکانی کوتانیان ئەو هێرشە کوشندانە ڕاگرتووە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی نەگرتووەتە ئەستۆ کە وا دیارە پەیوەندییان پێکەوە هەبووە.

لە مانگی سێدا، سێ کارمەندی ژنی دژبە ئیفلیجی منداڵان لە میانەی یەکەم هەڵمەتی ئەم ساڵ لە جەلالئاباد کوژران. دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند. تۆڕی هەرێمی ئەو گروپە تیرۆریستییە کە بە دەوڵەتی ئیسلامی لە خوراسان ناسراوە، بنکەی لە نانگەرهار و پارێزگاکانی دەوروبەری هەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند بێبەشکردنی منداڵان لە دڵنیابوون لە ژیانێکی تەندروستانە " نامرۆڤانەیە ."

ڕامیز ئەلەکبارۆڤ جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان داوای کرد ئەو "توندوتیژیە بێهێستە" دەبێت ڕابگیرێت و دەسەڵاتداران دەبێت بەرپرسیارەکانی ئەم کارە بهێننە بەردەم دادگا.

ئەو گوتیشی من " لە دڕندایەتی ئەم جۆرە هێرشانە دەتۆقێم."

ئەفغانستان ساڵی ڕابردوو 56 حاڵەتی نوێی ئیفلیجی منداڵانی ڕاگەیاند. بەڵام بەرپرسان دەڵێن لە مانگی 10ی ساڵی 2020 ەوە تەنیا یەک جۆری ڤایرۆسی نەخۆشی ئیفلیجی لە وڵاتەکەدا بەدی کراوە و گواستنەوەشی بۆ ئەو ناوچانەی ئەفغانستان کە ڤایرۆسەکەی تێدا نەماوە لە خۆ دەگرێت.

وەحید مەجرۆح وەزیری تەندروستی ئەفغانستان بە وەکالەت، ڕۆژی دووشەممە گوتی ئەم هەڵمەتی کوتانەی ئێستا بە مەبەستی دابینکردنی قەترەی دژ بە ئیفلیجی منداڵانە بۆ نزیکەی 10 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری 34 پارێزگاکەی وڵاتەکە.

بەڵام ئەو خەمبار بوو بەوەی کە بەربەرەکانیکردن و دژیەتی کردنی هەڵمەتەکانی کوتان ، لەلایەن یاخیبوانی تالیبانەوە بەردەوام دەبێتە هۆی بێبەشکردنی نزیکەی 3 ملیۆن منداڵ لە کوتانی دژ بە پۆلیۆ.

ئەو جارێکی تر داوای لە لایەنە بەشەڕچووەکان کردەوە کە ڕێگە خۆش بکەن بۆ تیمەکەی تا بتوانن کارەکانیان لە تەواوی ئەفغانستان ئەنجام بدەن. ئەو گوتی " ئێمە ناتوانین کۆتایی بە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان بهێنین تا هەمو منداڵان لە هەموو شوێنەکان دژ بەو نەخۆشییە نەکوتین."


XS
SM
MD
LG