Accessibility links

12 ئیخوانولموسلمین لە میسر لەسێدارە دەدرێن


دادگاییکردنی ئیخوانەکان لە میسر
دادگاییکردنی ئیخوانەکان لە میسر

دادگایەکی وڵاتی میسر سزای مەرگی لەسەر 12 ئەندامی ڕێکخراوی ئیخوانولموسلمین وەک خۆی هێشتەوە و بەم بڕیارەی دادگا کۆتاییهات بەو پرۆسەی داگاییکردنەی لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 2013ی هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە کردیان دژ بە مانگرتنێکی ئیسلامییەکان، وەک کاربەدەستێکی دەسەڵاتی دادوەریی ڕایدەگەیەنێت.

ئەم بڕیارە کە دوو گەورە ڕێبەری ئیخوانەکانیشی گرتۆتەوە، بەتەواوەتی کۆتایی بەو دۆسێیە دێنێت کە لە بەرەنجامی ڕوخاندنی موحەمەد مورسی، سەرۆکە ئیسلامییەکەی میسرەوە هاتە ئاراوە.

لەشکری میسر مورسی ڕوخاند.

دوای ڕوخاندنی حکومەتەکەی مورسی لە مانگی 7دا، لە نێوەندی شەپۆلی گەورەی ناڕەزایەتیدا بەرامبەر حکومەتەکەی، لایەنگرانی ئیخوانەکان مانگرتنێکی گشتییان ڕاگەیاند لە مەیدانی ڕابیعە عەدەویە لە ڕۆژهەڵاتی قاهیرە و داوای گەڕانەوەی مورسییان دەکرد.

دوای یەک مانگ، هێزە ئاسایشییەکان هێرشیان کردە سەر مەیدانەکە و تەنها لە یەک ڕۆژدا نزیکەی 800 کەسیان لێکوشتن.

دەسەڵاتداران دەڵێن لەو کاتەدا خۆپیشاندەران چەکدار بوون و بڵاوەپێکردنیان ڕێوشوێنێکی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم بووە.

گرتنەبەری ئەو ڕێوشوینانەش بووە سەرەتایەک بۆ سەرکوتکردنی ئۆپزسیۆنە ئیسلامی و سیکیولارەکانیش لە میسر.

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە "ئەوانەی ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری مردنیان لەسەر پشتڕاست کراوەتەوە بریتین لە ئەندامانی دەستە و تاقمە تاوانکارەکانی هێرشیان کردۆتە سەر دانیشتوان و بەرەنگاری پۆلیس بوونەتەوە و هەروەهاش چەک و تەقەمەنی و کەرەستەکانی دروستکردنی بۆمبیان هەبووە."

لە بڕیارەکەی دادگادا باسیش لەوە کراوە؛ ئەو 12 کەسەی سزای مردن دراوە بەسەریاندا، تاوانی تریشیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە، لەوانە کوشتنی پۆلیس و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتداران و هەروەها داگیرکردن و وێرانکردنی شوێنە گشتییەکان.

بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی دادگا، ئەو بڕیارە، بڕیاری کۆتاییە و ناخرێتە بەردەم دادگای پێداچوونەوە و تێهەڵچونەوەی بۆ ناکرێت.

دادگا سزای 31 ئەندامی تری ئیخوانەکانی سوک کردووە.

لە ساڵی 2018دا داگایەکی میسر بڕیاری سزای مردنی داوە بەسەر 75 کەسی تردا و ژمارەیەکی تریش بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ ماوەی جیا جیا دراوە بەسەردا، لەوانە ئوسامە، کوڕی موحەمەد مورسی سزای 10 زیندانیکردنی دراوە بەسەردا.

جێبەجێکردنی سزای مەرگ بەسەر خەڵکی سیڤیلیدا لە وڵاتی میسر لە ڕێی لەسێدارەدانەوەیە.

XS
SM
MD
LG