Accessibility links

ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی لە میانمار ئازاد دەکرێت


ئەو ڕۆژنامەوانە ئەمەریکاییەی لە مانگی 3 ڕابردووەوە لە میانمار دەستگیرکرابوو، ئەمڕۆ دووشەممە ئازاد کراوە پاش ئەوەی گوناهبارکردنەکانی لەسەر لادراوە، بەپێی لێدوانی پارێزەرەکەی.

تن ئوو، پارێزەر لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران دەڵێت "نەیثن ماونگ، هاوڵاتی ئەمەریکایی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە زیندانی ئینسین ئازاد کراوە و پۆلیس هەموو گوناهبارکردنەکانی لەسەر لاداوە و سبەی سێشەممەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا."

ماونگ، دامەزرێنەری کامایوت میدیا لە میانمار، بەپێی یاسای سەروەختی کۆڵۆنیاڵی ڕووبەڕووی گوناهبارکردن بۆتەوە و وەک پارێزەرکەی ماونگ دەڵێت بەپێی ئەو یاسایە، هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان دژی لەشکر بە تاوان دادەنرێت.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ڕۆژنامەوانێکی میانمار کە لەگەڵ دەزگایەکی تری میدیادا کاری دەکرد بڕیاری زیندانیکردنی 2 ساڵی بەسەردا دراوە بە پێی هەمان یاسا.

میانمار لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەی ڕۆژی 1ی مانگی 2ەوە کە ئاونگ سان سوچی ڕێبەری سیڤیلی لەکار لادا، لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدایە. ئەو کودەتایە بووە مایەی سەرهەڵدانێکی گشتی لە وڵاتەکەدا و خەڵکێکی زۆری ڕژانە سەر شەقامەکانی وڵاتەکە.

دەسەڵاتی لەشکریی لە میانمار، هێزیان بەکارهێنا وەک وەڵامێک بۆ ناڕەزاییەکانی خەڵک، تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرا و ئەوانەی گومانیان لەسەرە جودابیرن، بە شەو هێرشیان دەکرێتە سەر و دەستگیر دەکرێن، ڕۆژنامەوانان بە ئامانج دەگیرێن و دەزگاکانی میدیاش دادەخرێن.

ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی بیانی لەو هەوڵانەی دەسەڵاتی لەشکریی وڵاتەکەدا دەستگیرکراون، لەوانە ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی دانی فینشتەر، کە هاوکاتی هەوڵی جیهێشتنی وڵاتەکە ڕۆژی 24ی مانگی 5، دەستگیرکرا.

دەسەڵاتداران هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکیان نەداوە سەبارەت بەوەی ئەو ڕۆژنامەوانە ئەمەریکاییە لە کوێیە و ڕەوشی چۆنە.

لەوەتای کودەتا لەشکرییەکە کراوە و لەشکر دەستیکردووە بە سەرکوتکردن، زیاتر لە 860 کەسی سیڤیل لە میانمار کوژراون، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوێکی چاودێریی خۆجێیی.

XS
SM
MD
LG