Accessibility links

قەیرانی ئابوری و دارایی لوبنان قوڵتر دەبنەوە


دراوی لوبنانی جارێکی تریش نرخەکەی دادەبەزێت لە بازاڕی ڕەشدا لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکاییدا.
ئەم دابەزینە نوێیەی نرخی دراو لە لوبنانهاوکاتە لەگەڵ بنبەستی سیاسی و قەیرانی ئابوری و هەروادێ و کەمبوونەوەی پێداویستییەکان لەو وڵاتەدا.

ئەم دواترین دابەزینەی نرخی دراوی لوبنان لە بازاڕە نافەرمییەکاندا، بە مانای ئەوەیە لیرەی لوبنانی لە سەدا 90ی بەهای خۆیی لەدەستداوە لەوەتای ساڵی 2019وە. بانکی جیهانیش ئەم قەیرانە داراییەی لوبنان بە یەکێک لە هەرە خراپترین قەیرانە داراییەکانی جیهان ناودێر دەکات لەوەتای ناوەڕاستی سەدەی 19وە.

بۆ 10 مانگە، لەوەتای هاوینی ساڵی پارەوە کە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت ڕوویدا و حکومەت دەستی لە کار کێشایەوە؛ لوبنان حکومەتی کاربەڕێکەری هەیە.

سیاسییەکانی هەموو لایەنەکانی لوبنان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەرچەندە دراوی بیانی لە لوبناندا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و ئەمەش وەهای کردوە ببێتە مایەی کەمی سوتەمەنی و وزەی ئەلیکتریک و هەروەها کەمبوونەوەی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکانی تریش.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، شوفێرەکان بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕیزدا دەوەستان لە بەنزینخانەکاندا تا ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لە بەنزین بکەن.

ڕۆژی هەینی و شەممە دەرمانسازەکان مانیان گرت، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بانکی نێوەندیی وڵاتەکە، چونکە دۆلاریان بە نرخێکی گونجاوی ئاڵوگۆڕکردن بۆ دابین ناکات تا بتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان.

ماوەکانی بڕینی وەزەی ئەلیکتریک درێژترن، بەهۆی ئەوەی دەوڵەت لە ململانێدایە تا هێندەی پێویست سوتەمەنی هەبێت و بتوانێت بەسەر وێستگەکانی وزەی ئەلیکتریکدا دابەشی بکات.

ئەو خەڵکانەی موچەکانیان بە لیرەی لوبنانی وەردەگرن، توانای کڕینیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە لە کاتێکدا هەوڵێکی زۆری خۆیان دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرانی.

لە لوبنان زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی لە هەژاریدا دەژین، پێویستییەکی زۆری هەیە بە یارمەتی دارایی، بەڵام کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی مەرجی هەیە بۆ دابینکردنی ئەو یارمەتییە داراییە، بەوەی هەر حکومەتێک لە لوبنان پێکهات دەبێت چاکسازییەکی بنەڕەتی بکات.

XS
SM
MD
LG