Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: عەتا قەزاز


زۆرێک لە هونەرمەندان و لێکۆڵەرانی هونەریی هاوڕان لەسەر ئەوەی یادەوەری نابێتە بەشێک لە کاری هونەرمەندانی شێوەکار، بەڵکو ئەرکە هەرە گرنگەکە هێنانە ئارای هونەرێکی ڕەسەنە لەسەر بنچینەی مێژوو، یان بە مانایەکی تر، خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ بابەتگەلێکی ڕابردوو و بە زیندوو هێشتنەوەی ڕووداوگەلێکە و بەرگی ئێستای بەبەردا دەکرێت.

کەم نین ئەو هونەرمەندە شێوەکارانەی دەخوازن کرۆکی پەیوەندییەکانی خۆیان بە کۆمەڵگە و بە مێژووی خۆیانەوە لە هونەرەکەیاندا نیشانبدەن و ڕایەڵەکانی ئەو پەیوەندیانەش نیشانی ئێمەی بینەر بدەن و پێمان بڵێن "وەک چۆن ئەوە بەشێکە لە ئێمە، ئاوەهاش بەشێکی دانەبڕاویشە لە ئێوەش."

نکوڵیش ناکرێت لەوەی کار و ئەرکەکان بۆ بە زیندوویی هێشتنەوەی یادەوەرییەکان شتێکی سانا نییە، بەتایبەتیش کاتێکیش ئەو کار و ئەرکە بە هونەر دەسپێردرێت.


هوشیاری، سۆز، ڕاستی، پێکەوە کاریگەریی لەسەر خودی هونەرمەند دادەنێن و دیمەنە ڕەنگاڵەییەکان دەخەنەوە بیری هونەرمەند و لێرەوە هونەرمەندی شێوەکار لە پرۆسەیەکدا قاڵ دەبێتەوە کە دەشێت بە پرۆسەی چۆنیەتی "سەرسام کردنی" بینەر ناودێر بکرێت.

هونەرمەندی ڕەسەن و داهێنەر هەمیشە دەخوازێت بەرامبەرێک بۆ ژیان و دنیا دابنێت و نایانەوێت هەر تەنها ڕووبەر و قەبارە و مەتریاڵەکانی تری لە تابلۆدا بەکاردەهێنرێن، ببنە زەمینەی بینین بۆ ئەو بەرامبەرە، بەڵکو خۆ قوتارکردن لە دوێنێ و نیشاندانی ژیان لە سۆنگەی سبەینێوە دەکەنە ئەو ناوەڕۆکەی بە ئێمەی دەبەخشن.

عەتا قەزاز، ناوێکی گەورەی دنیای هونەری شێوەکارییە، ئەم هونەرمەندەمان لە ژیانی هونەریی خۆیدا، بە گەلێک قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، ڕەنگەکانی لە تابلۆدا پێناسەی خۆیانیان هەیە.
دەشێت بڵێم ((هەرچەندە ئەوە کاری من نییە و پێویستە ڕەخنەگرانی تایبەت بە شێوەکاری باسی بکەن)) عەتا قەزاز لە قۆناغێکی تەمەنی هونەریی خۆیدا، بایەخێکی زۆری بە ناوەڕۆکی تابلۆکانی دەدا و کەمتر بە فۆرم و شێواز، ئەڵبەت باسم لەو کاتانەیە ئەم هونەرمەندەمان هێشتا لە نیشتمان بوو.


هێندەی ئەوەی دوور بە دوور ئەزموونە هونەرییەکانی عەتا قەزازم بینیون، بەردەوام لە هەوڵی ئافراندنی بەرهەمی نوێدایە، بە فیگۆری نوێ ئاشنامان دەکات و دەمانباتەوە بۆ ئەو دنیایەی خەونی گەورەی هونەرمەندێکی وەک عەتا قەزازە.

ئایا پەتای کۆرۆنا کاریگەری کردۆتە سەر چێژی بینینی تابلۆکان؟

لە نێوان کاری هونەریی لە نیشتمان و لە دەرەوەی نیشتمان عەتا قەزاز، کامیان هەڵدەبژێرێت؟

ئایا ڕەخنە توانیویەتی ببێتە یارمەتیدەر بۆ بەرەوپێشچوونی هونەری شێوەکاریی؟

عەتا قەزاز، هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:00 0:00


XS
SM
MD
LG