Accessibility links

سنووردارکردنی مەڕاسیمی حەج تەنها بۆ هاووڵاتیان و دانیشتوانی سعودیە


ئاژانسی دەنگوباسی عەرەبستانی سعودیە SPA، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند وڵاتەکە مەڕاسیمی حەج سنووردار دەکات و تەنها هاووڵاتیان و دانیشتوانی سعودیە دەتوانن ئەم ساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حەج بکەن. ئەمە دووهەم ساڵە موسوڵمانانی جیهان بەهۆی ئەو پەتایەی کە بەتەواوی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، نەیانتوانیووە ئەو ئەرکە ئاینییە بەجێ بگەیەنن.

وەزارەتی کاروباری مەڕاسیمی حەجی موسوڵمانان بۆ مەککە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە تەنها خەڵکی تەمەن 18 بۆ 65 ساڵانی کە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایان لێداوە و هیچ نەخۆشییەکی درێژخایانیان نییە، دەتوانن ئەم ساڵ حەج بکەن.

هاوکات ژمارەی بەشداربوونی تەنها بۆ 60 هەزار کەس سنووردار کردووە.

وەزیری تەندروستی سعودیە، تەوفیق ئەلڕەبیعلە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئەو بڕیارە لە پێناو سەلامەتی حەج دراوە، هاوکاتی ناڕوونییەکان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا."

ئەو گوتیشی " سەرباری هەبوونی ڤاکسین، ناڕوونی هەیە لەسەر ڤایرۆسەکە و هێشتا ژمارەی ئەو پەتایە لە چەندین وڵاتی جیهاندا زۆر بەرزە، ئاستەنگانی تریش شێوازی جیاوازی ڤایرۆسەکەن، بۆیە بڕیاری سنووردارکردنی مەڕاسیمی ساڵانەی حەج دراوە."

هەروەها گوتیشی ئەو ڤاکسینانەی کە بۆ وەرگرتنی مەوڵەتی چوون بۆ حەج پەسەند دەکرێت ڤاکسینەکانی فایزەر، ئەسترازەنێکا، مۆدێرنا و جۆنسن & جۆنسنە.

شایانی باسە بەر لەم پەتایە ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن 500 هەزار موسوڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان لە مەڕاسیمی ساڵانەی حەج دەکرد و ئەمەش نزیکەی 12 ملیار دۆلار ساڵانە داهاتی بۆ عەرەبستانی سعودیە دابین دەکرد.

XS
SM
MD
LG