Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا و ئەگەری شەڕی ناوخۆ لەناو هەرێمی کوردستاندا


لەوەتای تورکیا لەناو سنورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها لەناو سنورەکانی عێراقیشدا کردە لەشکرییەکانی دەستپێکردووە، دەیان بنکەی سەربازی خۆی داناوە و جێگیری کردوون، ئەمە بێ لەوەی بۆردومانەکانی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بوونەتە مایەی زیانی گیانی و ناچارکردنی گوندنشینەکانی دەیان و بگرە سەدان گوندیش زێدی خۆیان جێبهێڵن.

بیانووەکانی تورکیا بۆ هەموو ئەو کردە لەشکریانەی دەیانکات، وەک ئانکەرە و هاوپەیمانەکانی ئانکەرە دەڵێن، هۆکارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستانە و تورکەکان دەڵێن بوونی پەکەکە لەو ناوچە سنوریانە جێی نیگەرانییە و هەروەهاش ناسەقامگیری بۆ تورکیا دێنێتە ئاراوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1984ەوە لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتی تورکیادا کەوتۆتە ململانێی چەکدارییەوە وەک دەڵێت ئەو خەباتەی لە پێناو بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیدایە بۆ کورد لە تورکیادا.

تورکیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش، پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکەن.

ڕووداوە نەخوازراوەکان لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بەتایبەتیش ئەو ڕووداوانەی خوێنیان تیادا ڕژان، جارێکی تریش بوونەوە مایەی سەرهەڵدانەوەی پشێوی و تەنگژە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا.


میوانی بەرنامە:

موحەمەد حوسەین، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

ئەم پشێوی و تەنگژانە بەرەو لێکترازان دەڕۆن ئەگەر بێتوو بە زوویی بەری پێنەگیرێت.

گوتارەکان توندئامێزن، ئەم دوو لایەنە یەکتر گوناهبار دەکەن بەوەی هەنگاوی بەراییان ناوە بۆ دەستکردن بە شەڕێک کە بەر لە هەموو شتێک ماڵی کوردی تیادا دەسوتێت.

لە سەروبەندی ئەم ڕەوشەدا، تورکیا ئۆردوگای پەنابەرانی مەخموری بۆردومان کرد، ئەم ئۆردوگایە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەوشەکە ئاڵۆزە بەڵام پێناچیت هێشتا هەموو دەروازەکان بە ڕووی دیالۆگدا داخرابن، هێشتا زەمینەی پشوودرێژی فراوانە و دانبەخۆدا گرتنی ئەم دوو لایەنە زۆر زۆر زۆر گرنگترە لەو زمانەی دەهۆڵی شەڕ دەکوتێت. هەروەها بە پێویستیش دەزانرێت لایەنە سیاسییەکانی تریش هەوڵ و تواناییەکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ دامرکاندنەوەی هەموو ئەگەرێکی ئەو ئاگرەی تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت، نەک ئەوەی ئەم ڕەوشە بخرێتە خزمەت ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان.

ئایا ئەگەرەکانی هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا چەندن؟

لە ئێستادا دوو گوتار لەسەر ڕەوشەکە بەرگوێ دەکەوێت، هەندێک بە شەڕی کورد و پەکەکە ناودێری دەکەن و هەندێکیش دەڵێن شەڕی براکوژییە؛ ئایا جیاوازی ئەم دوو گوتارە هەر پەیوەندی بە ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو هەرێمەوە هەیە؟

بۆچی تورکیا بەردەوام دەخوازێت شەڕی پەکەکە لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی بکات؟

موحەمەد حوسەین، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:41 0:00


XS
SM
MD
LG