Accessibility links

د. یوسف محەمەد: ئەگەر پەکەکە لەو ناوچانەش نەبن، بەدڵنیاییەوە لەشکرکێشی تورکیا هەر بەردەوام دەبێت


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە ئەنجامی سەردان و ڕادەستکردنی یاداشتێک لەلایەن دایکانی ئاشتییەوە بە چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئۆفیسی سلێمانی، ئەندام پەرلەمانەکان باسیان لەوە کرد لە پەرلەمانی عێراقدا لیژنەیەک بۆ پرسی بڕینەوەی دارەکانی سەر سنوور و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا درووستکراوه.

دوای وەرگرتنی یاداشتی دایکانی ئاشتی کە داوایان لە لایەنەکان کرد هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ڕێگرتن لە ئەگەری شەڕ و وەستاندنی سوپای تورکیا لە پێشڕەوی زیاتر، د. یوسف محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی "وەکو فراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەتی داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین کە گرژییەکانی نێوانیان بە شێوازی ئاشتییانە چارەسەر بکەن و کەس نەبێتە قەرەوڵی سوپای دەوڵەتانی دراوسێ بۆ پەلاماردانی لایەنەکانی تری کوردستان و ئەو کێشانەی کە هەن بە شێوازی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن."

تورکیا باس لەوە دەکات هۆکاری لەشکرکێشی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و بەرەنگاربوونەوەی گەریلاکانی پەکەکەیە، بەڵام د. محەمەد یوسف باسی لەوە کرد کە تەنها ئەوە بیانووە و ئامانجی تورکیا گەورەترە.

"لەڕاستیدا داواکارییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمدا داواکاری ڕەوا نین. تورکیا بیانوو بە بوونی پەکەکە دەهێنێتەوە لە چیای قەندیل و ناوچەکانی تر بۆ درێژەدان بەو لەشکرکێشییانەی کە دەیکا، ئەگەر نا هەموومان دەزانین کە ئەو بیانووە و ئامانجەکە لەوە گەورەترە. ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستانیش لەو ناوچانە نەبن، بەدڵنیاییەوە لەشکرکێشی تورکیا هەر بەردەوام دەبێت."

لای خۆیەوە ڕێزانی شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ درووستکردنی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا و لە ئێستادا لیژنەکە دروستبووە و چاوەڕوانی ڕاپۆرتەکەیانن لەو بارەیەوە.

سەبارەت بە کێشەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان سیاسەتمەداری دێرینی کورد دکتۆر مەحمود عوسمان لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هەرچەندە پێی وایە کێشەی سەرەکی تورکیایە کە "بڕاوی بە ئاشتی نییە" بەڵام " پەکەکەش زۆر هەڵەی هەیە دەبێت نزیک نەبێت لە ناوچەی دێهات و موراعاتی ڕەوشی کوردستان و پەرلەمان و حکومەت و حزبەکان بکات نابێت بە ئارەزووی خۆی هەرچی ویست بیکات".

نزیکەی دوو مانگە تورکیا بەردەوامی دەدات بە ئۆپراسیۆنی چنگی هەورەبرووسکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا دژ بە گەریلاکانی پەکەکە و لایەنە جیاوازەکانیش داوا دەکەن بە زووترین کۆتایی بەم شەڕە بهێندرێت.‌

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:46 0:00


XS
SM
MD
LG