Accessibility links

کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان


ڕۆژی چوارشەممە دۆمینیک راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و شاندێکی یاوەری بەسەردانیک گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و شاندێکی یاوەریان کۆبوونەوە. پاش کۆبونەوەکانیان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان ئەنجام دا.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بابەتێکمان باسکرد لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا و کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان و شەڕی دژی تیرۆر و مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقو دۆخی ناوچەکە بەگشتی".

پاشان هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا دۆمینیک راب وەزیری ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا بەرز نرخاند و گوتیشی ئێمە ئەمڕۆ "لەگەڵ جەنابی سەرۆکدا وتووێژێکی زۆر باشمان کردووە لەسەر چەندین بابەتی فراوان ئێمە بۆچوونەکانمان لەسەر بەرژەوەندییەکان و بەهاکان ئاڵوگۆڕ کرد، ئێمە باسمان لە گرنگی سەقامگیری نەک هەر عێراق بەڵکو هەمو هەرێمەکە کرد و بەریتانیا پەیوەستە بە پتەوکردنی ئەو هاوبەشییە."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کارکردنی پێشمەرگەی لەگەڵ هێزی ئاسایشی عێراقی بە گرنگ زانی و گوتی " ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرکردنی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان. خۆشحاڵم کە بەریتانیا هاوکاری نوێ پەسەند دەکات بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە لە بوارەکانی پاراستنی سەرمایەی کولتوری بە پێی پەیماننامەی لاهای، بێگومان ئەمە جگە لە پشتگیرییەکانی تری ئێمە."

هەروەها گوتیشی باسی چەندین بابەتی تریان کردووەلەوانەدا"گرنگی ئازادی میدیای سەربەخۆ و ئازادی ڕاگەیاندن".

سەبارەت بە سەردانی شاندە بیانیەکان بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەریان لە بوارە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دێرینی کورد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بەریتانیەکان دێن و دەچن هیچ نییە قسەی باش دەکەن بەڵام ڕۆڵ و گرنگیان نییە ئەوەی دەتوانێت شت بکات لە عێراق تەنها ئەمەریکا و ئێرانن خەڵکی تر ناتوانێت هیچ بکات، داوا دەکەم حکومەتی کازمیی شتێک بکات و ئەگەر نەتوانێت هیچ بکات بەڕای من دەستلەکاربکێشێتەوە و کەسێکی تر بێت کە بتوانێت شت بکات لەبەر ئەوەی بەداخەوە ئیشەکان هەمووی بۆ ئێران ماوەتەوە و بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت دەکات ".

بەردەوام شاندە بیانیەکان و کاربەدەستە باڵاکانی جیهانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و تاوتوێی ڕەوشی دەڤەرەکە بەگشتی دەکەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە دەردەبڕن

بەهۆی ئەو گرژی و شەڕ و ئاڵۆزیانەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا کە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی ڕوودەدات خەڵکێکی زۆر گوند و ناوچەکانیان چۆڵکردووە و ئاوارە بوونە و داوا دەکەن سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە.

ئەحمەد شامکی ڕۆژنامەنووسە لە دەڤەری شیلادزێ بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" داوا لەو بەرپرسانە دەکەین کە سەرەدانی ناوچەکەمان بکەن و دیمەنی ئەو زەرەر و زیانانە بینن، هەموو کات ئۆپەراسیۆن لەو دەڤەرە هەیە و چەندین ناخۆشیمان بینیوە و گوندی خۆمم چۆڵکردووە و 165 گوند لەو دەڤەرە چۆڵکراون، پەیامی ئێمە بگاتە ئەوان کە بە دەم داوای ئەو خەڵکەوە بێن ئەگەر سەرەدانی ئێرە بکەن زۆر گرنگە، هەر لە ساڵی 1995ەوە تا ئێستا ئێمە قوربانی دەدەین بۆ نموونە براکەم لەگەڵ سێ کەسی تری گوندەکەمان بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆن و شەڕانەوە کوژراون وچەندین کەسی تریش کوژراون، تا ئێستا ئەو بەرپرسانە نەهاتوونەتە نێو شوێنی ڕووداوەکان تەنها لە دورەوە سەیریان کردووە".

سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی ناوچەکە، لەوبارەیەوە مەحمور عوسمان گووتی" دەبێت مەوقیف هەبێت و لەگەڵ پەکەکە کێشە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن پەکەکەش زۆر هەڵەی هەیە دەبێت نزیک نەبێت لە ناوچەی دێهات و موراعاتی ڕەوشی کوردستان و پەرلەمان و حکومەت و حزبەکان بکات نابێت بە ئارەزووی خۆی هەرچی ویست بیکات بەڵام ئەساسی کێشەکە تورکیایە کە بڕوای بە ئاشتی نییە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:48 0:00


XS
SM
MD
LG