Accessibility links

تاوانی جینۆساید لە دژی ملادیچ، فەرماندەی سەربازی پێشووی سەربیا پەسەند دەکرێت


دادوەرانی تاوانی جەنگی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە بە ڕەتکردنەوەی هەموو داواکان بۆ پێداچوونەوەی سزای دادگای یەکەم، حوکمی جینۆساید و سزای زیندانی هەتاهەتاییان لە دژی ڕاتکۆ ملادیچ، فەرماندەی سەربازی پێشووی سەربی بوسنیایان وەکو خۆی هێشتەوە.

ملادیچ ی تەمەن 78 ساڵ لە جەنگی بۆسنیا لە ساڵی 1992 – 95،سەرکردایەتی هێزەکانی سەربی بۆسنیای کردووە.

ناوبراو لە ساڵی 2017 دا بە تۆمەتی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ تاوانبار کرا،لەوانە تاوانەکانی تیرۆرکردنی خەڵکی مەدەنی سەرایێڤۆی پایتەختی بۆسنیا لە میانەی گەمارۆدانێکی 43 مانگەدا و هەروەها کوشتنی زیاتر لە 8000 پیاو و کوڕی موسڵمان لە شارۆچکەی سەربنیکای ڕۆژهەڵاتی بۆسنیا لە ساڵی 1995دا.

ناوبراو لە دادگای یەکەمدا تاوانبار کرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرکرابوو کە دواتر داوای پێداچوونەوەی بەسەر ئەو سزایەدا کردبوو. بەڵام دادگای پێداچوونەوە هەموو داواکانی ڕەتکردەوە و ناوبراوی بە تاوانی جینۆساید سزای زیندانی هەتاهەتایی درا.

بەمەش دۆسییەی 25 ساڵ دادگاییکردن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ یۆگوسلاڤیای پێشوو کە تیایدا 90 کەس تاوانبار کران، کۆتاییهات. ڕێکخراوی ICTY یەکێکە لە دادگا کۆنەکانی تاوانی نێودەوڵەتی و هەروەها یەکەم دادگای بەردەوامی تاوانە جەنگییەکانی جیهانە کە بنکەکەی لە لاهایە.

دادوەرانی دادگای پێداچوونەوەکە ڕایانگەیاند ناوبراو لە لاهای لە ژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە تا کاتی جێبەجێکردنی گواستنەوەی بۆ ئەو جێگایەی کە بڕیارە تیایدا سزاکەی بەسەر ببات. هێشتا دیار نییە ناوبراو لە چ وڵاتێک سزاکەی بەسەر دەبات.

XS
SM
MD
LG