Accessibility links

لەسەر بەرنامەی ناوکی ئێران، دەزگای چاودێری وزەی ئەتۆمی ئاگاهی بە جیهان دەدات


دەزگای چاودێری وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت درێژکردنەوەی ڕێکخستنی پشکنینی کاتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا"هەروادێ و قورستر دەبێت."

ئەم ڕاگەیەندنەی ئەمڕۆ دووشەممەی دەزگای نێونەتەوەیی چاودێری ئەتۆمی هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی تاران و زلهێزەکانی جیهاندا بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوانیان.

لە مانگی 2ی ڕابردوودا، تاران هەندێک لە پشکنینەکانی دەزگای ناوبراوی ڕاگرت و ئەمەش بووە مایەی ئەوەی ئەم دەزگا چاودێرییە سەودایەکی 3 مانگی لەگەڵ ئێراندا بکات تا بتوانێت بەردەوامی بدات بە ئەرکەکەی، هەرچەندە ئاستی دەستڕاگەیشتنەکانیشی کەم بووبوونەوە.


ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، لە دەستپێکی کۆبوونەوەی وەرزیی دەستەی کارگێڕی دەزگاکەیدا بە پەیامنێران دەڵێت " کەمبوونەوەی دەرفەتەکان دەبینم."

لە کۆتایی مانگی 5دا ڕێکخستنێکی تایبەت کرا تا ئەو ماوەیە بۆ ڕۆژی 24ی مانگی شەش درێژ بکرێتەوە و گرۆسی ئەم ماوەیەی کە ماوە بە ماوەیەکی کورت ناودێری دەکات.

وەک ئاماژەیەکیش بە کۆبوونەوەکانی ڤیەننا لە نێوان ئێران و زلهێزەکاندا لەسەر ئەگەرەکانی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015؛ گرۆسی دەڵێت هیوادارە بە ڕێککەوتنێکی فراوانتری گشتی لە ڤیەننا، یان لە ڕێی میکانیزمی ترەوە "توانایی پشکنینەکانمان بۆ لەمەودوا کەمتر نەکرێنەوە."

گرۆسی دەڵێت "ناتوانین تواناییەکانی پشکنەران کۆتوبەند بکەین و بەردەوام بین لە سنوردارکردنی و تواناییەکان بۆ پشکنین و لە هەمان کاتیشدا وەهای نیشان بدەین متمانە هەیە."

لە لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێران، سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ئاماژەشی کردوە بە هەوڵە درێژخایەنەکەی دەزگاکەی تا پشڕاستکردنەوە لەسەر ژمارەیەک شوێنی ئێران بەدەست بێنێت کە ئەگەری جموجۆڵی ناوکییان تیادا هەبووە و بەتایبەتیش لە سەرەتای ساڵانی 2000دا.

لە مانگی 4دا ئەم دەزگا چاودێرییەی سەر بە یو ئێن "وتووێژی تەکنیکی" لەگەڵ ئێراندا دەستپێکرد وەک پرۆسەیەکی نوێ و هەوڵێکی تر لەگەڵ ئێرانییەکاندا تا بنبەستەکانی لەسەر ئەو شوێنانە هەبوون بشکێنێت؛ بەڵام لە ڕاپۆرتی مانگی ڕابردووی دەزگاکەدا بە ڕوونی و ئاشکرایی تیایدا نوسراوە "پرسیار و گومانەکانی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی وەک خۆیان ماونەتەوە."

ڕافائێل گرۆسی، لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەمەیدا، باسی لەوەش کردووە وەک دەڵێت " ئەوانەی چاوەڕوانی دەکردن بەدینەهاتوون و بەرەوپێشچوونێکی کۆنکریتیش لەسەر ئەم دۆسێیە نەهاتۆتە ئاراوە، هەرچەندە کە دەسەڵاتدارانی ئێرانی خواستی خۆیشیان نیشان دابوو بۆ هاوکاریکردن."

گرۆسی دەڵێت "دەبێت وتووێژ ببێتە مایەی هەبوونی بەرەنجام."

سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی جارێکی تریش دەڵێت ڕەوشەکە لە ئێران مەترسیدارە و دەشڵێت "ئێمە وڵاتێکمان هەیە کە بەرنامەیەکی ناوکی زۆر پێشکەوتوو و خواستی ناوکیشی هەیە و کردەی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لە ئاستێکدایە کە زۆر نزیکە لەوەی بگاتە پلەی بەکارهێنانی بۆ دروستکردنی چەک."

XS
SM
MD
LG