Accessibility links

موحتەشەمیپور بە کۆرۆنا دەمرێت لە تاران


عەلی ئەکبەر موحتەشەمیپور، مەلای شیعە ئاینزا ئەمڕۆ دووشەمە لە تەمەنی 74 ساڵیدا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە مرد.

موحتەشەمیپور، ئەوکاتەی باڵیۆزی ئێران بوو لە سوریا یارمەتیدەر بوو بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە میلیشیاییەکەی حزبوڵای لوبنان. ئەم مەلا شیعەیەی ئێران دەستێکی نەمابوو، بەهۆی تەقینەوەی کتێبێکەوە، وەک دەگوترێت هێرشێک بووە و ئیسرائیل کردبووی.

موحتەشەمیپور، هاوپەیمانێکی نزیکی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی بووە و لە ساڵانی حەفتاکاندا هاوبەندییەکی ڕێکخراوە میلیشیا ئیسلامییەکانی پێکهێنا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، یارمەتیدەر بووە بۆ دروستکردنی هێزێکی نیمچە لەشکری بەناوی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لەناو ئێراندا و دواتریش کە بووە باڵیۆزی وڵاتەکەی بۆ سوریا ئەو هێزە نیمچە لەشکرییەی بردە ناوچەکەوە تا یارمەتی پێکهێنانی حزبوڵا بدات.

دواتر موحتەشەمیپور، هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێبازی ڕیفۆرمخوازانی ئێران نزیک دەبووەوە بەو هیوایەی گۆڕانێک لە سیستەمە ئاینییەکەی کۆماری ئیسلامیدا بێنێتە ئاراوە و پشتیوانی لە میر حوسەین موسەوی و مەهدی کەڕوبی، ریبەرانی ئۆپزسیۆن دەکرد لەو شەپۆلی ناڕەزاییەی بزووتنەوەی سەوزی ئێراندا دوای سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوە مشتومڕ لەسەرەکەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی ئێران لە ساڵی 2009دا.

لەوکاتەدا کە ئەحمەدی نەژاد لە پۆستەکەی خۆیدا مابووەوە، موحتەشەمیپور دەیگوت "ئەگەر هەموو گەل ئاگاداربێت و ڕێوشوێنە توندوتیژ ئامێزەکان نەگیرێنەبەر و ڕووبەڕووبوونەوەی سیڤیلی بەردەوام بێت، ئەوا گەل سەردەکەوێت، هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر خواستی گەل بوەستێتەوە."

موحتەشەمیپور لە نەخۆشخانەیەکی باکوری تاراندا مرد، پاش ئەوەی توشی کۆرۆنا بوو، وەک لە ڕاپۆرتی ئاژانسی دەنگوباسی ئێرنادا هاتووە.

ئەم مەلا شیعەیەی ئێران عەمامەیەکی ڕەشی دەبەست کە لەناو شیعە ئاینزاکاندا وەک نیشانەیەکە بۆ ئەوەی نەوەیەکی ڕاستەوخۆی پێغەمبەری موسڵمانانە. لەم 10 ساڵەی ڕابردوودا و پاش هەڵبژاردنە مشتومڕ لەسەرەکانی ئەوکاتەی ئێرانەوە، موحتەشەمیپور لە شاری نەجەف دەژیا.

XS
SM
MD
LG