Accessibility links

نێچیرڤان مەحمود حوسەین: هیچ کەسێک بەناوی دکتۆر حوسەین لە بۆردومانی ئۆردوگاکەی مەخموردا نەکوژراوە


تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی ئۆردوگای پەنابەرانی مەخموری کردووە.

تورکیا بەردەوام ئەو ئۆردوگایەی مەخموری بە شوێنێک بۆ داڵدەدانی تێرۆر ناودێر دەکات و هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن 3 کەس لەو بۆردومانەدا 3 کەس کوژراون.

نێچیرڤان مەحمود حوسەین، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی کامپی مەخمور یان کامپی شەهید ڕۆستەم، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت "ڕۆژی شەممە لە دەوروبەری کاتژمێر 1:55 بۆ 2:00 هێرشەکە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، وێنە و بەڵگە هەن، هەر لە سەرەتاوە ئێمە بانگی هێزەکانی عێراقمان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بەڵام لە کاتژمێرە بەراییەکاندا نەهاتن.

بەڕێز مەحمود حوسەین لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێت دواتر هێزەکانی عێراق سەردانی شوێنی بۆردومانەکەیان کردو لێکۆڵینەوەیان کردووە و هێشتا دەرئەنجامەکانی ئاشکرا نەکراوە.

ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە گۆڕەپانی یاریگای خوێندگاکەیە، گۆرەپانێکی بەرفراوانە.

نێچیرڤان دەڵێت، پارچەی موشەکەکان هەموو لەوێدان و وێنەکان وەک بەڵگە، ڕاستییەکان دەسەلمێنن و دەشڵێت "بۆردومانکردنی ئەو شوێنە بە ڕێکەوت نەبووە، ئەو جێیەی بۆردومان کراوە جێی یاریکردنی منداڵانە و هەموو زارۆکی ئۆردوگاکە لەوێدا خولی پەروەردەییان هەیە." و وەک ئاماژەی پێدەکات "خۆشبەختانە لەکاتی بۆردومانەکەدا هیچ منداڵیک لەوێ نەبووە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "سەلمان بۆزقیر کە بە دکتۆر حوسەین ناسراوە و بەرپرسی گشتی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە لە ئۆردوگای مەخمور، لە ئاکامی بۆردومانەکەی ڕۆژی شەممەی تورکیا بۆ ئەو ئۆردوگایە، دکتۆر حوسەین کوژراوە."

نێچیرڤان مەحمود حوسەین، لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ جانی دیلان، دەڵێت "هیچ کەسێک بە ناوی دکتۆر حوسەین لەم ئوردوگایەدا نەبووە وە ئیدعای ئوردوگان ڕاست نییە، ئەمە هەمووی بەشێکە لە پیلان و سیاسەتەکانی ئەردوغان بۆ داگیردنی کوردستان." دەشڵێت ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت هیچ پەیوەندییەکی بە ئۆردوگای مەخمورەوە نییە.

نێچیرڤان دەڵێت دانیشتوانی ئۆردوگای مەخمور لەو کاتەوەی ئاوارە بوون، و بوونەتە پەنابەر، هەموو ئەو شتانە و مەترسیەکانی وەک مردن، کوشتن، تینوێتی و برسێتییان لەبەرچاوی خۆیان داناوە.

نێچیرڤان مەحمود حەسەین، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی کامپی مەخمور دەڵێت "ڕاستە هێرش کراوە و لەوانەشە دیسان هێرش بکرێتەوە بەڵام ئێمە ئیرادەی خۆمان ڕادەستی دەوڵەتی تورک ناکەین."

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:34 0:00

XS
SM
MD
LG