Accessibility links

لە ئەفغانستان بە لانیکەم 11 کەس دەکوژرێن


تاڵیبانی ئەفغانستان
تاڵیبانی ئەفغانستان

بۆمبێکی چێندراو بە پاسێکی بچوکی گواستنەوەی هاوڵاتیاندا دەتەقێتەوە لە باکوری ڕۆژئاوای ئەفغانستان.

بە لانیکەم 11 کەس کوژراون و سیانیان منداڵن لەو ڕووداوەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەدا، وەک کاربەدەستانی ئەفغانی دەڵێن.

حوسامەدین شەمس، فەرمانڕەوای هەرێمی بادگیس ئەمڕۆ یەکشەممە وتوویەتی "کاتێک تەقینەوەکە ڕوویداوە، پاسەکە کەوتۆتە ناو دۆڵێکەوە و هێشتاش تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکاندان."

ئەگەرچی هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیە ڕانەگەیاندووە، بەڵام حکومەتی ئەو هەرێمەی ئەفغانستان، تاڵیبان گوناهبار دەکات بە دانانەوەی بۆمبەکە بۆ بە ئامانج گرتنی کاربەدەستان و کارمەندانی هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تاڵیبان هیچ تێبینی و سەرنجێکی لەسەر ئەو گوناهبارکردنە نەداوە.

یاخیبوانی تاڵیبان زۆر کاری لەو شێوەیەیان کردووە و ویستویانە کاروانە لەشکرییەکان بە ئامانج بگرن بەڵام زۆربەی جار خەڵکی سیڤیل بوونەتە قوربانی ئەو هێرشانەیان.

لە زۆر بۆنەدا نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردۆتەوە لە حکومەت و لە تاڵیبانیش تا خەڵکی سیڤیل پارێزراو بن.

ئۆفیسی یو ئێن لە ئەفغانستان دەڵێت تەنها لە یەکەم 3 مانگی ئەمساڵدا 1783 کەسی سیڤیل لەم وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا کوژراو و بریندارن. ئەمەش بە ڕێژەی لە سەدا 29 بەرزترە لە ژمارەی کوژراوەکان و بریندارەکانی یەکەم 3 مانگی ساڵی 2020.

توندوتیژییەکانی ئەفغانستان هاوکاتە لەگەڵ سەردانی زاڵمای خەلیلزاد، نێردراوی ئەمەریکا و شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و پەنتاگۆن بۆ ناوچەکە و وەهاش بڕیارە لە کابوڵ و لە دۆحە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان و کاربەدەستانی حکومەتدا بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەکی سیاسی.

XS
SM
MD
LG