Accessibility links

وێڕای ئاگاهیدانی ئەمەریکا، تورکیا هێرشدەکاتە سەر ئۆردوگای مەخمور


سەرۆکی تورکیا ڕایدەگەیەنێت هاوکاتی کردەیەکی هەواڵگری لەشکری لە عێراقدا بەرپرسێکی گەورەی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان کوژراوە.

بەپێی لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەلمان بۆزقیر کە بە دکتۆر حوسەین ناسراوە و بەرپرسی گشتی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە لە ئۆردوگای مەخمور، لە ئاکامی بۆردومانەکەی ڕۆژی شەممەی تورکیا بۆ ئەو ئۆردوگایە، دکتۆر حوسەین کوژراوە.

ئەردۆغان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "ڕێگەنادەین بەو ڕیکخراوە جوداییخوازە تا ئۆردوگای مەخمور وەک شوێنێک بۆ داڵدەدانی تێرۆر بەکاربهێنێت."

ڕۆژی شەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆردوگای مەخمور بۆ پەنابەران بۆردومان کردووە و 3 کەسی سیڤیل لەو بۆردومانەدا کوژراون.

لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکاندا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ئۆردوگایەی دامەزراند بۆ کوردە ئاوارەکانی تورکیا.

ئانکەرە، پارتی کرێکارانی کوردستان گوناهبار دەکات بەوەی کۆنترۆڵی ئەو ئۆردوگایەی کردووە کە دەکەوێتە دوریی 250 کیلۆمەتر لە سنوری باشوری تورکیاوە.

ئەو هێرشەی تورکیا بۆسەر ئۆردوگای مەخمور دوابەدوای ئاگاهیدانەکانی ئەمەریکا بووە تا هێرش نەکرێتە سەر ئەو ئۆردوگایەی مەخمور.

لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت " دوێنێ "هەینی" بۆ کاربەدەستانی تورکیام ڕوون و ئاشکرا کرد کە هەر هێرشێک خەڵکی سیڤیل بکاتە ئامانج لە ئۆردوگای پەنابەرانی مەخمور، ئەوا پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەیی و مرۆییەکانیشە. زۆر بە قوڵی نیگەرانم لەو توندوتیژیانەی ئەمڕۆ "شەممە" نزیک لە ئۆردوگاکە ڕوویانداوە و داوا لە هەموو لایەکیش دەکەم ڕێز لە مافی پەنابەران بگرن."

دەسەڵاتدارانی تورکیا وەها دایدەنێن عێراق هیچ هەنگاوێک نانێت بەرامبەر جموجۆڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هیچ بژارەیەکی تری لەبەردەستدا نییە بێجگە لە کردەی لەشکریی لەناو خاکی عێراقدا.

لە هەفتەی ڕابردوودا، ئەردۆغان ئۆردوگای مەخموری بە شاخەکانی قەندیل دەچواند. قەندیل گەورەترین بنکەی پارتی کرێکارانی کوردستانی لێیە کە لە ساڵی 1984ەوە شەڕی پارتیزانی دەکات لەناو تورکیادا وەک دەڵێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد. لەو کاتەشەوە تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس کوژراون.

سەرۆکی تورکیا کە وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەکاتە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی عێراقدا دەڵێت "ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو شوێنە پاک نەکاتەوە ئەوا ئێمە بەو ئەرکە هەڵدەستین."

XS
SM
MD
LG